وەزارەتی شارەوانی: زیاتر لە 10 ملیار دینارمان گەڕاندوەتەوە بۆ حكومەت

14/01/2021

نەوا-
كوردۆ شابان وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزاری هەرێمی كوردستان ئاشكرایكرد: پرۆژەی چاكسازی بەردەوامە و لە شارەوانی هەولێر تەنیا لە نوێكردنەوەی گرێبەستی خاوێنكردنەوە زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ حكومەت گەڕاوەتەوە.
كوردۆ شابان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی وتوە: وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار بەردەوامە لە چاكسازییەكان و پرۆسەی چاكسازییش درێژخایەنە و لە هەر سێكتەرێكدا ئێمە چاكسازی بكەین ئەنجامەكەی بۆ رای گشتی رادەگەیەنین.
وتوشیەتی: لە نوێترین چاكسازیشدا چەندین مەرجی تازەمان بۆ نوێكردنەوەی گرێبەستی ئەو كۆمپانیایانە داناوە كە كاری خاوێنكردنەوە دەكەن و گرێبەستی هەولێر كۆتایی هات و ئێمەش بۆمان نوێكردنەوە، بەمەش توانرا زیاتر لە 10 ملیار دینار بۆ حكومەت بگەڕێتەوە سەرەڕای بەرزكردنەوەی كواڵێتی و زیادكردنی زۆنەكان، هەر كاتێك گرێبەستی سلێمانی و دهۆكیش تەواو بێت بۆ ئەوانیش بەپێی مەرجە تازەكان نوێی دەكەینەوە.
وتەبێژی وەزارەتی شارەوانی و گەشتوگوزار ئەوەشی ئاشكراكردوە: گرێبەستی خاوێنكردنەوە لە ماوەی رابردودا بۆ یەك ساڵ بریتی بوو لە زیاتر لە 29 ملیار و 582 ملیۆن دینار، بەڵام لە گرێبەستی نوێدا كەمكراوەتەوە بۆ 19 ملیار و 525 ملیۆن دینار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group