وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو: ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێم تۆمار نەكراوە

21/01/2021

نەوا-
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی هەرێمی كوردستان جەختلەوەدەكاتەوە، تائێستا ئەنفلۆنزای باڵندە لە هەرێمی كوردستان تۆمار نەكراوە.
وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە راگەیەندراوێكدا بڵاویكردوەتەوە، لیژنەی ئەنفلۆنزای باڵندە و پسپۆڕان و سەرجەم بەڕێوەبەرانی ڤێتەرنەری پارێزگاكان و ئیدارەی گەرمیان بەمەبەستی گفتوگۆ و بەدواداچون بۆ كێشەكانی بواری ڤێتەرنەری بەتایبەتی بڵاوبونەوەی ئەنفلۆنزای باڵندە كۆبونەوە.
رونیشكراوەتەوە، دوای گفتوگۆو راگۆڕینەوە ئاماژە بەوەكرا لە هیچ ناوچە و شارێكی هەرێم تائێستا هیچ حاڵەتێك لەو نەخۆشیە تۆمارنەكراوە، ئەوەشی كە لەهەندێك لە راگەیاندنەكانەوە بڵاودەكرێتەوە دەربارەی مرداربونی ژمارەیەك مریشك لە پارێزگاكان هۆكارەكەی تەنها پەتا وەرزیەكانە، بەڵام لەبەرئەوەی هاوكاتە لەگەڵ بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی ئەنفلۆنزای باڵندە لە شاری سامەڕا، زیاتر سەرنجی هاووڵاتیان و راگەیاندنەكانی راكێشاوە.
جەختلەوەشكراوەتەوە، لەكۆبونەوەكە داوا لەسەرجەم بەڕێوەبەرایەتی ڤێتەرنەریی پارێزگاكان كرا بە وردی بەدواداچون لەسەر رەوشی كێڵگە پەلەوەریەكان بكەن و رێنماییەكانی لێژنەی باڵای ئەنفلۆنزای باڵندە جێبەجێ بكەن.
   

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group