سەرۆکی حکومەت: درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت

23/02/2021

نه‌وا
سه‌رۆكی حكوومه‌تی هه‌رێم له‌میانی كۆبوونه‌وه‌ له‌گه‌ڵ پارێزگاره‌كانی هه‌رێم رایگه‌یاند، حکوومەت هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران و لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی، هاوكات له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان ئەنجامی دەدەن بۆ ساڵی 2021 پەسەند کران، كه‌ بڕی زیاتر له‌ 349 ملیار دیناریان بۆ ته‌خانكراوه‌.
به‌پێی راگه‌یه‌نراوێكی كۆبوونه‌وه‌كه‌، رۆژی سێشەممە 2021/2/23 مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، لەگەڵ پارێزگارەکانی هەرێم کۆبووەوە، لە کۆبوونەوەکەدا، کە قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت بەشدار بوو، گفتوگۆ دەربارەی کێشە و گرفتە کارگێڕی و داراییەکانی پارێزگاکان و پلانی حکوومەت بۆ ئەنجامدانی پڕۆژە خزمەتگوزارییەکان بۆ ساڵی 2021 کرا.
لای خۆیه‌وه‌ مەسرور بارزانی رایگه‌یاندوه‌، حکوومەتی هەرێمی كوردستان هەموو هەوڵێکی خۆی خستووەتە گەڕ بۆ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان، کە ئەرکێکی لەپێشینەی حکوومەتە.
وتیشی "لە گفتوگۆکانمان بەردەوامین لەگەڵ حکوومەتی فیدراڵی بۆ دابینکردنی شایستە دراییەکانی هەرێمی کوردستان، لە هەمان کاتدا و بەو داهاتەی بەردەستە، لە چوارچێوەی بودجەی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2021، درێژە بە ئەنجامدانی چەندین پڕۆژەی خزمەتگوزاریی دەدرێت لە سەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان".
به‌پێی راگه‌یه‌نراوه‌كه‌، لە کۆبوونەوەکەدا، کە لە ڕێگەی ڤیدیۆ کۆنفرانسەوە بەڕێوەچوو، پلانی حکوومەتی هەرێمی كوردستان بۆ جێبەجێکردنی پڕۆژەکانی پەرەپێدانی پارێزگاکان و ئەو پڕۆژانەی وەزارەتەکان لە پارێزگاکان ئەنجامی دەدەن لە سێکتەرەکانی (شارەوانی، کارەبا، تەندروستی، کشتوکاڵ، پەروەردە و ڕێگاوبان) بۆ ساڵی 2021 پەسەند کران، کە بە داهاتی بەردەستی حکوومەتی هەرێمی كوردستان ئەنجام دەدرێت و کۆی گشتی گوژمەکە، سێسەد و چل نۆ ملیار و حەفسەد و دوو ملیۆن دینارە. 
گوژمەکە بەم شێوەیەی خوارەوە بۆ پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان تەرخان کراوە:
 پارێزگای سلێمانی :
114,350,000,000 سەد و چواردە ملیار  و سێسەد و پەنجا ملیۆن دینار.
پارێزگای هەڵەبجە :
30,000,000,000 سی ملیار دینار .
پارێزگای هەولێر :
000 ,128,352,000 سەدو بیست و هەشت ملیار و سێسەد و پەنجا و دوو ملیۆن دینار.
پارێزگای دهۆک :
77,000,000,000 حەفتا و حەفت ملیار دینار .
کۆی گشتی : 349,702,000,000 سێسەد و چل نۆ ملیار و حەفسەد و دوو ملیۆن دینار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group