لیژنه‌ی باڵای روبه‌ڕوبوونه‌وه‌ی كۆرۆنا كۆده‌بێته‌وه‌

28/02/2021

نه‌وا
بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێمی كوردستان رایگەیاند، رۆژی دووشه‌ممه‌ لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوەو ئەگەری زۆرە بڕیار بدات جارێكی تر ناوەندەكانی خوێندن بۆ ماوەیەك دابخرێنەوە.
رەهێڵ فەرەیدون، بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم، ماڵپەڕی فه‌رمی یەكێتی راگەیاند: ژمارەی توشبوان بەكۆرۆنا لەهەرێم لەهەڵكشاندایەو زۆر زیادیكردوە، بۆیە رۆژی 1ی ئاداری 2021 لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا كۆدەبێتەوەو دو بابەتی گرنگیش تەوەری كۆبونەوەكە دەبن.
ئاماژەی بەوەشداوە كە یەكێك لە بابەتەكان جێبەجێنەكردنی بڕیاری پێشترە بۆ داخستنی سنورەكان و رێگەدان بەهاتنی گەشتیاران بەتایبەت لەناوچەكانی تری عێراقەوە بۆ هەرێم كە پێشتر بڕیاردرابو هاتنی گەشتیاران قەدەغە بكرێت.
وتیشی: تەوەرێكی تر لەبارەی پڕۆسەی خوێندنەوە دەبێت، چونكە چوارەم هەفتەیە پرۆسەی خوێندن دەستیپێكردوەتەوەو دۆخی توشبون بەكۆرۆنا لەناوەندەكانی خوێندن لەپەروەردەو زانكۆكان زیادیكردوە، بۆیە ئەگەرێكی زۆر هەیە لیژنەی باڵای روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا بڕیار بدات بۆ ماوەیەكی كاتی دەرگای خوێندنگەو زانكۆكان دابخرێنەوە.
بریكاری وەزارەتی تەندروستی هەرێم راشیگەیاند: لەناو ناوەندەكانی خوێندن وەك پێویست رێنماییە خۆپارێزییەكان جێبەجێنەكراون، بۆیە ئامارەكانی توشبون بەكۆرۆنا زیادیان كردوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group