پەرلەمانتارێك: چوار كەس لەشوێنی زیندانی رۆژنامەوانەكانی بادینان تووشی كۆرۆنا ببون

09/04/2021

نەوا
بڕیاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندووە، چوار كەس تووشی كۆرۆنا ببون لەشوێنی زیندانی چالاكوان و رۆژنامەوانەكانی بادینان، ئاماژەی بەوەكردووە، ئەو سزادراوانە لەڕووی دەروونییەوە تێكشكاون.
بەدریە ئیسماعیل، بریاردەری لیژنەی كاروباری كۆمەڵایەتی و داكۆكیكردن لە مافی مرۆڤ لەپەرلەمانی كوردستان دەربارەی سەردانیكردنی لیژنەكەیان بۆ لای پێنج چالاكوان و ڕۆژنامەنووسەكانی بادینان بەدەنگی ئەمەریكای راگەیاندووە "بەداخەوە نەدەبوو بەهیچ شێوەیەك ئەندامی پەرلەمان بەپێی پەیڕەوی ناوخۆی پەرلەمان ڕێگری لێبكرێت بۆ هیچ دامودەزگایەكی حكومی، وە بۆ هیچ دەستگیركراوێك لەهەر شوێنێكدا دەستگیركرابێت نەدەبوو ڕێ بگرێت، بەداخەوە ڕێمان لێگیرا، دوای چەند نوسراوێك پاشان دوای 27 ڕۆژ وەڵامدراینەوە و كارئاسانیمان بۆ كراو ڕەزامەندیمان بۆ كرا تەنها پێنج لەو سزادراوانە ببینین".
ئەو پەرلەمانتارە روونیكردۆتەوە "ئەو سزادراوانە دەڵێن لەكاتی خەوتندا بەیەكەوە كەپس دەبین تەنها چوار بست مەسافەی ئیسراحەت و حەوانەوەمان هەیە، لەژوورەكەدا پاڵەپەستۆ و گازی پیس بوون و دووەم ئۆكسیدی كاربۆن زۆرە لەكاتێكدا ئێمە دەبیینن ڕێگری لەكەسوكارمان دەكرێت لەبەر مەترسی ڤایڕەسی كۆرۆنا، بەڵام ئێمە موعەرەزترین بەوەی ئەو پاڵەپەستۆ و لۆدە زۆرە لەسەر هۆڵەكاندا هەیە كەبەپێی ستانداردی جیهانی نابێت لە 30-35 كەس زیاتری تێدا بێت بەداخەوە ئەوان 135 كەسن".
بەدریە ئیسماعیل ڕاشیگەیاند" ئێمە كەبەدواداچوونمان بۆ كردن نزیكەی چوار كەس لەشوێنی زیندانی كردنی ئەو چالاكوان و ڕۆژنامەنوسانە توشی كۆرۆنا ببوون لە هۆڵەكاندا بۆ نموونە هەر دوو سزادراوێك چۆتە هۆڵەكەوە و دابەشبوون بەسەر هۆڵەكاندا باسی چوار كەسیان كرد كەكۆرۆنای گرتووە لەناو هۆڵەكاندا لەگەڵ ئەو 135 كەسە بوون و ژیانیان بەیەكەوە بردۆتەسەر كەنیشانەكانیان لێدەركەوتوون لەوانیان جیاكردونەتەوە".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group