كازمی و فەرماندە باڵاكانی سوپای عێراق و پێشمەرگە كۆبوونەوە

03/05/2021 عێراق

نەوا-
مستەفا كازمی سەرۆك وەزیران و فەرماندەی گشتیی هێزە چەكدارەكانی عێراق لە گەڵ ژمارەیەك لە فەرماندە سەربازیەكانی عێراق و پێشمەرگە كۆبوەوە و فەرمانی پێكردن هەماهەنگی و هاوكاری نێوانیان بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش چڕ بكەنەوە.
مستەفا كازمی، بەئامادەبونی وەزیرانی ناوخۆ، بەرگری و دارایی لەگەڵ فەرماندە باڵاكانی هێزە ئەمنییەكانی عێراق و پێشمەرگە كۆبوەوە، بەگوێرەی راگەیەنراوی كۆبونەوەكە باس لە دۆخی ئەمنی و پلانی ئەمنی بۆ بەرەنگاربونەوەی پێشێلكارییەكان.
ئەوەش هاتوە، فەرماندەی گشتی هێزە چەكدارەكان فەرمانی كرد بە هێزە ئەمنییەكان هەماهەنگی نێوانیان زیاتر بكەن بەتایبەت لەبواری هەواڵگری و ئەمنی، لەگەڵ بونی هەماهەنگی بۆ ئەنجامدانی ئۆپراسیۆنی هاوبەش دژی داعش لەو ناوچانەدا كە پاراستنی دۆخی ئاسایش لەئەستۆی هێزەكانی حكومەتی فیدڕاڵی و هێزی پێشمەرگەی كوردستاندایە.
ئەم كۆبوونەوەیەش دوای ئەوە دێت كە لە رۆژانی رابردوودا هێرشەكانی داعش بۆ سەر چەند ناوچەیەكی عێراق زیادی كردووە و رۆژی یەكی ئەم مانگەش لە پەلامارێكی ئەو رێكخراوەدا بۆ سەر سەنگەرەكانی پێشمەرگە لە نزیك پردێ سێ پێشمەرگە شەهیدبوون.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group