یه‌كێتی سوپاسی نێچیرڤان بارزانی ده‌كات

04/05/2021

نه‌وا
لاهوور شێخ جەنگی هاوسه‌رۆكی یه‌كێتی لە پەیامێکدا رایدەگەیێنێت: "سوپاسی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستانمان کرد بۆ ئەو رۆڵە نیشتیمانییەی کە دەیبینێت بۆ کۆکردنەوەی لایەنەکان و لێکنزیککردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەکان".
رۆژی سێ شه‌ممه‌ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان له‌ میانی سه‌ردانه‌كه‌ی بۆ سلێمانی لەگەڵ بافڵ تاڵەبانی و لاهوور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکانی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان كۆبوه‌وه‌. 
لاهوور شێخ جەنگی لەبارەی سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستانەوە لە پەڕەی فەیسبووکی خۆی رایگەیاند: لە کۆبوونەوەکە "جەختکرایەوە لەسەر دروستکردنی کەشێکی ئارام و وەلانانی کێشە و ناکۆکییە سیاسییەکان و دۆزینەوە و دیاریکردنی چوارچێوەیەکی هاوبەش کە جێگەی رەزامەندیی هەموو لایەنەکان بێت بۆ پاراستنی بەرژەوەندی و دەستکەوتەکان و بەرگریکردن لە مافەکان".
 راشیگه‌یاندووه‌، سوپاسی نێچیرڤان بارزانی سەرۆكی هەرێمی كوردستانمان كرد بۆ ئەو ڕۆڵە نیشتیمانییەی، كە دەیبینێت بۆ كۆكردنەوەی لایەنەكان و لێكنزیككردنەوەی بیروبۆچوونە جیاوازەكان، هاوكات ڕووناكیمان خستە سەر ئەو كێشە و گرفتانەی، كە بوونەتە مایەی قووڵكردنەوەی ناكۆكییەكان”.
ئاماژەی بەوەشكردووە، ڕوانینی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانمان دووپاتكردەوە بۆ یەكڕیزیی نێوان لایەنەكان و گەیشتن بە دیدی هاوبەش بۆ زاڵبوون بەسەر ئاڵنگارییەكان و هەر پڕۆژە و بڕیارێك، كە خزمەت بە بەرژەوەندییە باڵاكانی كۆمەڵانی خەڵكی كوردستان بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group