وردەكاری شەوی كوشتنی قاسم سولەیمانی بڵاوكرایەوە

09/05/2021

نەوا-
راپۆرتێكی نوێ لەسەر شەوی كوشتنی قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی بڵاوكرایەوە و تیایدا باس لەوەكراوە هێزێكی كوردیش بە كۆكردنەوەی زانیاری بەشداری لە پرۆسەكەدا كردووە.
ماڵپەڕی یاهۆ نیوز لە راپۆرتێكدا كە چاوپێكەوتنی لەگەڵ 15 بەرپرسی ئێستا و پێشتری ئەمریكا كردووە بڵاویكردووەتەوە، شەوی كوشتنی قاسم سولەیمانی 3 تیمی قەناس لەسەر رێگەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی بەغدا بەنهێنی بڵاوبوونەوە و یەكێك لە قەناسەكان كامێرای لێبەسترابوو كە راستەوخۆ رووداوەكانی بۆ باڵیۆزخانەی ئەمریكا دەگواستەوە.
ئەوەش هاتووە، دوای ئەوەی فڕۆكەكەی سولەیمانی درەنگانێكی ئەو شەوە لە فڕۆكەخانەی بەغدا نیشتووەتەوە ئەندامانی هێزی دژە تیرۆری هەرێمی كوردستان لەناو فڕۆكەخانەكەدا بوون و جلوبەرگی كارمەندانی فڕۆكەخانەكەیان كردووەتەر بەریان، بۆ دڵنیابوونەوە لەوەی كە سولەیمانی لەناو فڕۆكەكەدایە.
لە درێژی راپۆرتەكەدا جەختلەوەكراوەتەوە، سولەیمانی وەفدەكەی یاوەری چوونەتە ناو ئۆتۆمبێلەكان و فڕۆكەخانەیان جێهێشتووە، دوای دەرچونی ئۆتۆمبێلەكانیش 3 فڕۆكەی بێفڕۆكەوان شوێنیان كەوتوون كە دوانیان موشەكی "هێڵفاریەر"یان هەڵگرتبوو، لەگەڵ گەیشتنی ئۆتۆمبێلەكان بۆ شوێنی مەبەست  دوو موشەك ئاڕاستەی ئۆتۆمبێلەكەی سولەیمانی كران.
یاهۆ نیوز لە راپۆرتەكەیدا رونیشیكردووەتەوە، دوو موشەكەكە ئۆتۆمبێلەكەی سولەیمانیان لەناوبرد و ئۆتۆمبێلی دووەم هەوڵی ئەوەیدا هەڵبێت، بەڵام لە دووری 91 مەتر لە ئۆتۆمبێلە تێكشكاوەكەی سولەیمانی ئەویش بە موشەكێكی هێڵفایەر تەقێنرایەوە.
باس لەوەشكراوە، دوای كردنە ئامانجی ئۆتۆمبێلەكەی قاسم سولەیمانی، كارمەندێكی هێزە كوردیەكەی بە جلوبەرگی پۆلیسەوە چووەتە شوێنەكە بۆ گرتنی وێنە و هەڵگرتنی نمونەی دی ئێن ئەی.

لە بەرامبەردا دەزگای دژە تیرۆری سلێمانی رایگەیاندوە، راپۆرتێك بڵاوكراوەتەوە كە تیایدا بە شێوەیەكی ناڕوون تۆمەتی بەشداربوون لە كەیسی تیرۆركردنی ژەنراڵ قاسم سلێمانی دەخاتە سەر چەند ئەفسەرێكی كوردی و لە شوێنێكی تر ناوی هێزێكی دژە تیرۆری سەر بە هەرێمی كوردستان هاتووە، گەرچی ئێمە نازانین كە نووسەرانی راپۆرتەكە مەبەستیان لە كام هێزی دژە تیرۆرە لە كوردستان، چونكە بەداخەوە ‌‌تا ئێستاش وەك ئاشكرایە دوو هێزی پێشمەرگە و دوو ئاسایش و دوو هەواڵگری و دوو دژە تیرۆر لە هەرێمی كوردستان هەن‌.
باس لەوەشكراوە، بەڵام ئەوەی پەیوەندیی بە ئێمەوە وەك هێزەكانی دژە تیرۆر هەبێت، بەهەموو شێوەیەك ئاگاداربوون و بەشداربوونی هێزەكەمان لە كردەوەی لەوجۆرەدا رەددەكەینەوە، خۆ ئەگەر راپۆرتەكە پەیوەندی بە لایەنەكەی ترەوە هەبێت، ئەوا حەقی وایە خۆیان روونكردنەوە بدەن، بەتایبەت كە ئێمە ئاگاداری هیچ چالاكییەكی ئەوان نین و ئەوان لە دەرەوەی هەموو دامەزراوەكانی هەرێمی كوردستانن.
لە درێژەی وردەكارییەكاندا هاتووە، پێش ئەوەی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودس بگاتە دیمەشق لەماوەی 6 كاتژمێردا 3 جار مۆبایلی گۆڕیوە، بەڵام بەرپرسانی سەربازی ئەمریكی و ئەفسەرانی پەیوەندییەكان لە سەركردایەتی پرۆسە هاوبەشەكانی ئەمریكا لەگەڵ هاوكارە ئیسرائیلییەكانیان لە تەلئەبیب توانیویانە شوێنی مۆبایلەكانی بكەون، ئیسرائیلیەكان توانیویانە بگەن بە مۆبایلەكەی سولەیمانی و زانیاریەكانیان داوەتە ئەمریكییەكان كە ناوبراو لە بەغدایە.
پێشتر ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا چەندین جار قاسم سولەیمانی بەوە تۆمەتبار دەكرد كە لەپشت ئەو هێرشانەوەیە دەكرێنە سەر سەربازانی ئەمریكا لە عێراق و چەندین ناوچەی تر و بەرپرسە لە كوشتنی سەدان سەربازی ئەمریكی، هەروەها پلانی داناوە بۆ بەئامانجگرتنی هێزەكانی ئەمریكا لە ناوچەكە.
شەوی 3ی كانونی دووەمی 2021، قاسم سولەیمانی فەرماندەی پێشووی فەیلەقی قودسی ئێرانی و ئەبومەهدی موهەندیس جێگری سەرۆكی دەستەی حەشدی شەعبی لە بۆردومانێكی فڕۆكە بێفڕۆكەوانەكانی ئەمریكا لە شاری بەغدا كوژران و ئەوەش لەسەر ئاستی جیهان كاردانەوەی زۆری بەدوای خۆیدا هێنا.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group