بایدن بڕیاری ناچارکردنی رۆژنامەنووسان بە ئاشکراکردنی سەرچاوەکانیانی راگرت

06/06/2021 جیهان

نەوا
پێشتر رۆژنامەنووسانی ئەمریکا لەلایەن وەزارەتی دادی ئەو وڵاتەوە ناچار دەکران سەرچاوەی هەواڵەکانیان لە بارەی دزەپێکردنی زانیاری نهێنی ئاشکرا بکەن و هەروەها دەکرا پەیوەندی تەلەفونی و ئینتەرنێتیەکانیان بخرێتە ژێر چاودێرییەوە، بەڵام جۆ بایدن سەرۆکی ئەو وڵاتە کارکردن بە بڕیارەکەی راگرت.

 بەپێی هەواڵێکی رۆیتەرز، جۆ بایدن فەرمانی بە وەزارەتی داد کردووە چیتر کار بە بڕیاری ناچارکردنی رۆژنامەنووسان نەکرێت بەوەی سەرچاوەکانی ئەو هەواڵانەیان ئاشکرا بکەن کە پەیوەستن بە دزەپێکردننی زانیاری نهێنی.
هەر وەک لە بڕیارەکەی بایدندا هاتووە، نابێت گوێ لە پەیوەندی تەلەفونی رۆژنامەنووسان بگیرێت یان ئیمەیلەکانیان بخرێتە ژێر چاودێرییەوە.
لە ساڵی 2017دا دۆناڵد ترامپ سەرۆکی ئەو کاتی ئەمریکا هەوڵی دابوو بەپشت بەستن بەو بڕیارەی وەزارەتی داد دەستی بە زانیاری پەیوەندییە تەلەفونیەکان و ناوەرۆکی ئیمەیلی ژمارەیەک رۆژنامەنووس بگات.
هەر لەسەرەتای هاتنە سەرکاری بایدنیش رۆژنامەی نیویۆرک تایمز بڵاویکردبوەوە، کە ئیدارەی بایدن هەوڵی دابوو زانیاری لە بارەی ئیمەیلەکانی چوار پەیامنێری ئەو رۆژنامەیە دەست بکەوێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group