راپۆرتێكی نوێی ئەمریكی: ئەگەری دزەكردنی كۆرۆنا لە تاقیگەوە پەسەند كراوە

08/06/2021 جیهان

نەوا-
رۆژنامەیەكی نوێی ئەمریكی ئاشكرایكردوە،، تاقیگەیەكی سەربە حكومەتی ئەمریكی راپۆرتێكی پێشكەش كردووە و تێیدا هاتووە، ئەگەری دزەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە تاقیگەی ووهان لە چین پەسەندە و پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە.
رۆژنامەی وۆڵ ستریت جۆرناڵ بڵاویكردووەتەوە، تاقیگەی "لۆرێنس لیڤەرمۆر"ی لە ولایەتی كالیفۆرنیا راپۆرتێكی نوێی پێشكەش بە حكومەت كردووە و تێیدا باس لەوەكراوە، بەپێی لێكۆڵینەوەكانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریكا سێ‌ زانای تاقیگەی ووهان لە مانگی 11ی ساڵی 2019 تووشی نەخۆشیەكی سەخت بوون كە پێویستیان بە چاودێری ورد هەبووە.
رونیشكراوەتەوە، بەپێی لێكۆڵینەوەكان ئەگەری دزەكردنی كۆرۆنا لەو تاقیگەیەوە ئەگەرێكی سەپەند كراوە و پێویستی بە لێكۆڵینەوەی زیاتر هەیە.
رێكخراوی تەندروستی جیهانی كە لێكۆڵینەوەی لەسەر هۆكاری بڵاوبوونەوەی كۆرۆنا كردووە و چەندین لایەن و راپۆرتی تریش پێیان وایە بەهێزترین ئەگەر ئەوەیە كۆرۆنا لە گیاندارەوە گواستراوەتەوە بۆ مرۆڤ، بەڵام بەهۆی نادیاری وردەكارییەكان و بارودۆخی سەرهەڵدانی كۆرۆنا و جیاوازی ڤایرۆسەكە و رێگەگرتنی چین لە لێكۆڵینەوەی ورد و شاردنەوەی زانیاری، ئەگەرەكانی دزەكردنی لە تاقیگەوە بەهێزتر دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group