پارەی بردنی ئۆتۆمبێل لەلایەن گەشتیارانەوە بۆ ئێران كەم دەكرێتەوە

22/07/2021

نەوا
عەبدوڵڵا ئاكرەیی بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەكانی نێوان ئێران و هەرێمی كوردستان دەڵێت، بۆ هەر ئۆتۆمبێلێكی هەرێم كە دەچێتە خاكی ئێرانەوە 250 دۆلار وەردەگیردرێت و هەوڵ دەدرێت ئەو بڕە پارەیە بكرێت بە 100 دۆلار.
عەبدوڵڵا ئاكرەیی لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەی بەوەداوە، بەهۆی رێكارەكانی كۆرۆناوە لە ئێستادا پێدانی ڤیزای ئێران بۆ هاوڵاتیانی هەرێم تەنها بۆ حاڵەتی پێویستە، بەڵام لە هەرێم دەروازەكان بەڕووی هاتوچۆی گەشتیارانی ئێراندا كراوەیە.
ئاماژەی بەوەشداوە، هەركاتێك هاتوچۆ ئاسایی بكرێتەوە، چاوەڕوان دەكەن لەلایەن حكومەتی ئێرانەوە بڕیاری هەڵگرتنی ڤیزا بۆ هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان بدرێت.
هەرچی سەبارەت بە بردنی ئۆتۆمبێلە بۆ ناو خاكی ئێران لەلایەن گەشتیارانەوە بەڕێوەبەری گشتی پەیوەندیەكانی نێوان ئێران هەرێمی كوردستان وتویەتی، پێشتر لە رێگەی كۆمپانیاوە مۆڵەتی داغڵبونی ئۆتۆمبێل دەدراو بڕی 250 دۆلاریان لێوەردەگیرا كە ئەوە پارەیەكی زۆرە، لە ئێستادا كار بۆ ئەوە دەكرێت پارەكە كەمبكرێتەوە بۆ 100 دۆلار.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group