خانەی راپەڕاندنی گۆڕان دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند

13/10/2021

نەوا
خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان دەستلەکارکێشانەوەی راگەیاند و ئاشکراشی کرد، دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێنرێت.
لە راگەیەنراوێکدا خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان رایگەیاندوە: وەک هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی ئەم قۆناغە هەستیارە، خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان بڕیارماندا دەستلەکاربکێشینەوە.
راشیگەیاندوە: لە زووترین کاتدا دەستەیەکی کاتی بۆ بەڕێوەبردنی بزوتنەوەکە پێکدەهێندرێت.

خانەی راپەڕاندنی بزوتنەوەی گۆڕان پێكدێت لە رێكخەری گشتی، سكرتێری جڤاتی نیشتمانی، سكرتێری كاروباری فراكسیۆنەكان، سكرتێری كاروباری باژێڕەكان، سكرتێری كاروباری ژورەكان،  سكرتێری كاروباری خەڵك و سەرۆكی جڤاتی گشتی.
ئەمەش دوای ئەوە دێت، کە بە هۆی سەرنەکەوتنی هیچ کاندیدێکی بزوتنەوەی گۆڕان لە هەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و دابەزینی بەرچاوی دەنگەکانی، ئەو بزوتنەوەیە داوای لێبوردنی کردبوو، بەڵێنیسی دابوو بە ئەنجامدانی گۆڕانکاری ریشەیی و بەخۆداچوونەوە و بۆ ئەو مەبەستەش جڤاتی گشتی و نیشتمانیی بزوتنەوەکە کۆبوونەوەیان ئەنجامدابوو.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group