مەسرور بارزانی خوێندكارە یەكەمەكانی خەڵاتكرد

20/10/2021

سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان داوای  نیشتمانپەروەری، ژیان دۆستی و ژینگە دۆستی لە خوێندكارە یەكەمەكان كرد.

مەسرور بارزانی، سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان لەمیانی وتارێكدا لە مەراسیمی خەڵاتكردنی خوێندكارە یەكەمەكان رایگەیاند، "خۆشحاڵم كە ئێوە خۆتان ماندو كرد بۆ ئەوەی كەسایەتییەكی بەهێزترتان هەبێت و زانست و خوێندن هێزن، هیوادارم خوێندن لە پێناو خوێندن نەبێت و بۆ ئەوە بێت بتوانن لە رێی خوێندنەوە وڵاتەكەتان ئاوەدانتر بكەن و ژینگەیەكی باشتر بڕەخسێنن و ئێوە دەتوانن لە داهاتودا ببنە سەركردە و رێبەر و مامۆستای باش بۆ نەوەكان".

ئاماژەی بەوەشكرد، "داواتان لێدەكەم لەم قۆناغە و قۆناغەكانی داهاتودا سێ شت لەبەر چاو بگرن، نیشتمانپەروەری و ژیان دۆستی و ژینگە دۆستی ".

سەرۆكی حكومەت باسی لەوەشكرد، "بەداخەوە بە هۆی كۆرۆنا و قەیرانی دارایی، نەمانتوانی وەك پێویست كارنامەمان لە بواری پەروەردە جێبەجێ بكەین، بەڵام بەو هەلومەرجەشەوە خوێندن نەوەستا و بۆ ئەوەش سوپاسی وەزیری پەروەردە و سەرجەم مامۆستایان دەكەن".

سەرۆكی حكومەت ئەوەشی خستەڕو، "بەردەوام دەبن لە گرنگیدان بە كەرتی پەروەردە و خوێندنی ئەمڕۆ توانای داهاتوی وڵاتەكەمان پیشان دەدات و بەردەوام دەبین لە نۆژەنكردنەوەی قوتابخانەكان و پڕۆژەی راهێنانی بەردەوامی مامۆستایان".

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group