داواكاری گشتی داوای 7 جار زیندانی هەمیشەیی بۆ ئەو تۆمەتبارە دەكات لە توركیا خێزانێكی كوردی كوشت

21/10/2021 جیهان

نەوا-
داواكاری گشتی كۆماریی كۆنیا لە باشوری ناوەڕاستی توركیا، لێكۆڵینەوەكانی دەربارەی ئەو هێرشە چەكدارییە تەواوكرد كە كرایە سەر خێزانێكی كورد و بە تۆمەتی كوشتن بە هەستێكی دڕندانە، داوای حەوت جار زیندانی هەتاهەتایی قورسكراوی بۆ محەمەد ئاڵتون تۆمەتباری رووداوەكە كردووە.
ئاژانسی ئەنادۆڵ بڵاویكردووەتەوە، داواكاری گشتی كۆماریی كۆنیا لە باشووری ناوەڕاستی توركیا، لێكۆڵینەوەكانی دەربارەی ئەو هێرشە چەكدارییەی كۆنیا تەواوكرد كە كرایە سەر خێزانێكی كورد.
ئەوەش هاتووە، داواكاری گشتی لە تۆمەتنامەكەدا بە تۆمەتی كوشتن بە هەستێكی دڕندانە، داوای حەوت جار زیندانی هەتاهەتایی قورسكراوی بۆ محەمەد ئاڵتون تۆمەتباری رووداوەكە كردووە، هەر لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوەكاندا بە تۆمەتی هاندان بۆ سووتان و زیانگەیاندن بە ماڵ، داوای هەشت ساڵ زیندانی بۆ هەریەك لە 10 تۆمەتباری دیكەی دۆسیەكە كراوە.
جەخت لەوەش كراوەتەوە، هەروەها بەهۆی نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تێوەگلانی هاوسەر، باوك و دایكی تۆمەتبار لە كوشتنەكە، بڕیاری ئازادكردنیان درا.
لە مانگی تەمموزی رابردوو كەسێك بەناوی محەمەد ئاڵتون هێرشی كردەسەر خێزانێكی كورد لە كۆنیا حەوت ئەندامی خێزانەكەی كوشت، كە ماوەی 24 ساڵە لەو ناوچەیە دەژیان و پێشتریش چەندین جار رووبەڕووی هێرش و گێچەڵی رەگەزپەرستی ببوونەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group