كۆمسیۆن: 6 كورسی پەرلەمان گۆڕانكاریان بەسەردا دێت

23/11/2021 عێراق

نەوا-
كۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكانی عیراق جەخت لەوە دەكاتەوە، 6 كورسی پەرلەمان گۆڕانكارییان بەسەردادێت و جیاكردنەوە و ژماردنەوەی دەستی سەرجەم وێستگەكانی دەنگدانیش نایاساییە.
عیماد جەمیل ئەندامی تیمی میدیایی كۆمیسیۆن رایگەیاندووە، بەهۆی پەسندكردنی تانەكان لەلایەن دەستەی دادوەریی، گۆڕانكاریی لە 6 كورسی پەرلەمان لە 6 پارێزگا دەبێت، كە بریتین لە پارێزگاكانی "هەولێر، نەینەوا، كەركوك، بەغدا، بەسرە و بابل".
 هێمای بۆ ئەوەش كردووە، كۆمیسیۆن ئەنجامی سەرجەم تانەكانی لە دەستەی دادوەری بەدەستگەیشتووە كە 21 تانەن، هەندێك تانە رێكاری و هەندێكی دیكە بابەتین، شەشیان بابەتین و گۆڕانكاری بەسەر بەربژێرەكاندا هێناوە و 15كەی دیكە رێكارین.
 عیماد جەمیل لە بەشێكی تری قسەكانیدا وتویەتی، لەماوەی دوو رۆژی داهاتوودا وێستگەكانی دیكە كە تانەیان لێدراوە بە دەست دەژمێردرێنەوە، دوای ئەوەی دەستەی دادوەریی دوایین تانە یەكلایی دەكاتەوە و رەوانەی ئەنجومەنی كۆمیسیارانی دەكاتەوە، دواتر بە فەرمی ئەنجامی هەڵبژاردن و ناوی ئەو بەربژێرانە ئاشكرا دەكرێت كە گۆڕانكاریان بەسەردا هاتووە و سەركەوتوون.
سەبارەت بە داواكاریەكان بۆ هەژمار كردنەوەی سەرجەم تانەكانی هەڵبژاردن ئەندامەكەی تیمی میدیایی كۆمیسیۆن جەختی لەوە كردووە، هەژمار كردنەوەی سەرجەم دەنگەكان نایاساییە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group