"دۆخی بە سەربازگەكردنی بەردەم زانكۆ كۆتایی پێبهێنن"

25/11/2021

عومەر گوڵپی ئەندامی پەرلەمانی كوردستان رایگەیاندوە، سەركۆنەی هەڵمەتی رەشبگیری و بڵاوەپێكردنی خۆپیشاندان و گردبونەوەی قوتابیان بەزەبری هێز دەكات.
لە راگەیەنراوێكدا كە كۆپیەكی بۆ رادیۆی نەوا نێردراوە، عومەر گوڵپی رایگەیاندوە، خۆپیشاندانی مەدەنیانەو ئاشتیانەی قوتابیان مافێكە بە یاساو دەستور دەستەبەركراوە، كۆكرنەوەی هێزو رەشبگیریی گەنجی قەڵەم بەدەست بەڵگەی لاوازی و دەستەوسانی حكومەت و دەسەڵاتە لەوەڵامدانەوەی داوای رەوای قوتابیان كە دەرماڵەكەیانە.
ئاماژەی بەوەشكردوە، بەپێی یاسا تەنها هێزێك مافی مامەڵەی هەبێت لەگەڵ خۆپیشاندانەكان هێزی چالاكیە مەدەنیەكانە، بۆیە دەپرسین كۆكردنەوەی هێزی جۆراو جۆری سەربازی و جوڵەپێكردنی هەمەرو ئۆتۆمبێلی سەربازی و جێگیركردنیان لە دەرگای كۆلێج و پەیمانگاكان ترسە لەچی و لەپێناوی چیە؟ باشتر نییە دەسەڵات لەبری خەرجكردنی ئەو هەموو پارەیە لەگازی فرمێسك رێژو فیشەك و جوڵەی هێز، پارەكان بۆ وەڵامی داوای قوتابیان تەرخان بكات.
عومەر گوڵپی دەشڵێت، لە هەر ئازارو ئەشكەنجەیەك كە روبەڕوی قوتابیان ببێتەوە، راستەوخۆ سەرۆكی حكومەت و جێگری سەرۆكی حكومەت بە بەرپرسیار دەزانن، داواشیان لێ دەكەن بە زویی ئەو قوتابی و مامۆستاو گەنجانە ئازاد بكەن كە هێزەكانیان دەستگیریان كردون و دۆخی بە سەربازگەكردنی بەردەم زانكۆو پەیمانگاكان كۆتایی پێبهێنن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group