پیاوێك لە یەك رۆژدا 10 جار ڤاكسینی كۆرۆنا وەردەگرێت

13/12/2021 هەمەڕەنگ

نەوا-
لە رووداوێكی سەیر و دەگمەندا، پیاوێك لە نیوزلەندا لە یەك رۆژدا 10 جار ڤاكسینی كۆرۆنای وەرگرتووە، ئەوەش دوای ئەوەی لەبەرامبەر وەرگرتنی پارە خۆی كردووە بە كەسانی تر بۆ ئەوەی لەبری ئەوان ڤاكسین وەربگرێت.
رۆژنامەی دەیلی مەیڵی بەریتانی بڵاویكردووەتەوە، پیاوێك كە ناسنامەكەی ئاشكرا نەكراوە بە 10 ناوی جیاوازەوە سەردانی چەند بنكەیەكی وەرگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنای كردووە و كوتراوە، ئەوەش لەسەر داخوازی ئەوانەی كە دژی وەرگرتنی ڤاكسینن.
روینشكراوەتەوە، ئەو پیاوە لەبەرامبەر ئەو كارەی پارەی لەو كەسانە وەرگرتووە تاوەكو بەناوی ئەوانەوە ڤاكسین وەربگرێت، بۆ ئەوەی ئەو ئازادییە بەدەستبهێنن كە وەرگرانی هەیانە، چونكە لە نیوزلەندا لە هەموو شوێنێك داوای ناسنامەی ڤاكسین دەكرێت.
رۆژنامەكە ئاماژەی بەوەشداوە، بەهۆی ئەوەی زانیاری زۆر لەسەر ڤاكسینەكان بەردەستنییە شارەزایان پێیان وایە، ئەگەری هەیە كاریگەری خراپی لەسەر دروست بكات و ئەو كارەش بەرگری دژی ڤایرۆسەكە زیاتر ناكات چونكە دوای وەرگرتنی دوو ژەم بەرگری سەقامگیر دەبێت.
لای خۆشیەوە هیلین بیتوسیس شارەزای بواری ڤاكسینەكان لە زانكۆی ئۆكلاند دەڵێت، پێشبینی ئەوە دەكات ئەو پیاوە بەهۆی ئەو كارەیەوە هەست بە ئازارێكی جەستەیی زۆر بكات.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group