هادی عامری و بافڵ تاڵەبانی لە بەغدا كۆبونەوە

27/01/2022

بافڵ تاڵەبانی هاوسەرۆكی یەكێتیی نیشتمایی كوردستان و شاندێكی یاوەری سەردانی هادی عامری سەرۆكی هاوپەیمانی فەتح و سەركردەی ناو چوارچێوەی هەماهەنگی لەبەغدا دەكەن.
لە راگەیەنراوێكدا نوسینگەی هادی عامری بڵاویكردۆتەوە، عامری پێشوازیكردوە لە بافڵ تاڵەبانی و شاندی یاوەری و لە دیدارێكدا گفتوگۆ كراوە لەبارەی رێگاكانی چارەسەركردنی گرێكوێرەكانی پرۆسەی سیاسی كە ئێستا لەئارادان و پێویستی بەردەوامبون لە گفتوگۆكان بۆ گەیشتن بە دەرەنجامێكی واقعی و پەسەندكراو كە پشتبەستو بێت بە دەستورو نەریتی سیاسی كە پرۆسەی سیاسی ئێستای عیراقی لەسەر بونیاتنراوە.
هەر لە راگەیەنراوەكەدا هاتوە كە هادی عامری تەئكیدی كردۆتەوە لەسەر گرنگی چارەسەركردنی ناكۆكییەكانی نێوان هەردوو لایەنی هەرێمی كوردستان و رونیشیكردۆتەوە كە بەردەوامبونی ناكۆكییەكان كاریگەرییان لەسەر هەموو عیراق دەبێت وەك ئەو ناكۆكیانەی تر كە لەنێوان پێكهاتەكاندا هەن.
هەروەها لەبەشێكی تردا ئاماژە بەوەكراوە كە لەلایەن خۆیەوە شاندی یەكێتی تەئكیدی لەسەر پێویستی یەكخستنی دیدی سیاسیی و بەردەوامی لە گفتوگۆ و لێكتێگەیشتن كردۆتەوە كە بەرژەوەندییەكانی گەلی عیراق بەدیبهێنێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group