هەزاران یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان دروست دەكرێن

11/05/2022

نەوا-
بەمەبەستی چارەسەركردنی كێشەی نیشتەجێبوون لە هەرێمی كوردستان، لەسەر راسپاردەی سەرۆكی حكومەت، هەزاران یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كرێنشینان دروست دەكرێن.
د.محەمەد شوكری سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا وتی، لە قۆناغی یەكەمدا 20 هەزار یەكەی نیشتەجێبوون بۆ كەمدەرامەت و كرێنشینان دروست دەكرێن، كە لە هەشت شوێنی سەرەكی دەبن كە چوار پارێزگا و چوار یەكەی سەربەخۆن و كە بەشێوەی یەكسان دابەش دەكرێت.
رونیشیكردووەتەوە، لە ماوەی 15 رۆژدا دەستەی وەبەرهێنان دەرخستەی پڕۆژەكە و شێوازی جێبەجێكردنی دیاری دەكەن و بانگێشتی وەبەرهێنەران دەكەن، لەگەڵ ئەوەشدا هەوڵ دەدەن لە زووترین كاتدا ئەو پرۆژانە جێبەجێ بكرێن و هەموو پرۆسەكەش لەژێر چاودێریكردنی حكومەتدا دەبێت.
سەرۆكی دەستەی وەبەرهێنان باسی لەوەشكرد، بانگێشتی وەبەرهێنەران كراوە بۆ دروستكردنی ئەو یەكانە، دواتر بە بڕێكی دیاری كراوی قستی مانگانە ئەو یەكانە رادەستی كەمدەرامەتان دەكرێن، هەروەها سەرۆكی حكومەتیش رای سپاردوون تاوەكو هەموو هاوكارییەكیان بكرێت بۆ ئەوەی ئەو پرۆژەیە سەركەوتوو بێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group