فوئاد حسێن: 500 خێزانمان لە كەمپی هولەوە گەڕاندۆتەوە

11/05/2022

وەزیری دەرەوەی عیراق رایگەیاند: تائێستا 500 خێزانی عیراقیان لە كەمپی هولەوە گەڕاندۆتەوە و جەختیكردەوە لە پێویستی چارەسەركردنی رەوشی مرۆیی ئەو خێزانانەو رێگرتن لە چەكدارانی داعش و چونە ناو كەمپەكانیانەوە بۆئەوەی بیری تیرۆریان تیادا بڵاونەكەنەوە.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی دەرەوەی عیراق بڵاویكردۆتەوە كە فوئاد حسێن وەزیری دەرەوە لەمیانی پێشكەشكردنی وتارێك لە كۆبونەوەی وزاری بۆ هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و بنبڕكردنی داعش كە لەشاری مەراكیش لە مەغریب سازكرا وێڕای ستایشكردنی رۆڵی هێزەكانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی داوای لە وڵاتانی هاوپەیمانییەكە كردوە پابەندییە نێودەوڵەتییەكانی خۆیان جێبەجێبكەن ئەوەندەی پەیوەندی بە بنبڕكردنی تیرۆرو دەستگیرۆییانەوە هەیە.
هەروەها فوئاد حسێن داوای هاوكاری خێرای لە وڵاتانی هاوپەیمان كردوە ئەو هاووڵاتیانەیان بگەڕێننەوە كە لەخێزانی تیرۆریستەكان بون و ئێستا لە عیراق دەستبەسەرن یاخود ئەوانەی كە حوكمیان بەسەردا نەسەپێنراوە  بەهۆكاری بەشداركردن لەكاری تیرۆر، داوای دەستپێشخەریشی لە وڵاتان كردوە بۆ ئەوە مەبەستە هاوكاری عیراق بن.
وەزیری دەرەوەی عیراق تەئكیدیشی كردۆتەوە كە عیراق بەردەوامە لە وشككردنی بیری داعشی كە مەرجی سەرەكی سەلامەتی كۆمەڵگاو پێكەوەژیانی ئاشتیانەیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group