"پێویستە پارەی سندوقی شێرپەنجە بۆ هیچ مەبەستێكی تر خەرج نەكرێت"

17/05/2022

بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لەشاری سلێمانی رایگەیاند: ماوەی شەش مانگە هاوار دەكەین بۆ كەمی دەرمان بەڵام نەهاتن بەدەنگمانەوە.
پاشئەوەی دەستەی داكۆكیكاری نەخۆشخانەی هیوا كەمپینێكی شەونخونی راگەیاند، لەپاش راگەیاندنی یاداشتێك كۆتاییان پێهێناو لەوبارەیەشەوە یاد نەقشبەندی بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا لە پرێس كۆنفرانسێكدا وێڕای سوپاسكردنی دەستەكە وتی: چالاكییەكەی ئەوان وایكرد پەیامەكانی ئێمە باشترو زیاتر بڵاوبێتەوە، ئەوان بە زمانە جیاوازەكان یاداشتی خۆیان راگەیاند كە چەندین رێكخستنیان لەگەڵ رێكخراوی نێودەوڵەتی هەبوە لەعیراق و دەرەوەی عیراق، هیوادارین كەمێك لەو ئازارو نیگەرانیەی نەخۆشخانەی هیوا كەمبكاتەوە.
نەقشبەندی راشیگەیاند: ماوەی شەش مانگە ئێمە هاوار دەكەین بەگرفتی دەرمان و نەبونی  نەختینە، بەڵام وەڵامێكی راستگۆیانەو بوێرانەمان نەبینی لەلایەن بەرپرسانەوە، هیوا موڵكی ئەوانەیە كە توشبوی شێرپەنجەن هیوایان بە چارەسەرە بۆیە هیوادارین پاڵپشتییەكان بەردەوام بێت و یەك رۆژ و دوو رۆژ نەبێت.
لەبارەی ژمارەی نەخۆشەكانەوە بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی هیوا وتی: زیاتر لە 100 نەخۆش هەن لە نەخۆشخانەكە كە دوو جۆر چارەسەر وەردەگرن كە چارەسەری گرانن و لە هەولێرو دهۆكیش هەمان گرفت هەیە دەرمانیان نییە وەزیری تەندروستی ئاگاداری گرفتەكانەو پێشتر لیژنەی لێكۆڵینەوەی نارد بۆ سلێمانی لەكۆتا كۆبونەوەش گفتوگۆمان لەبارەیانەوە كردوە، ئەم دەرمانانە لە سەروو دەسەڵاتی بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی و وەزیری تەندورستیشەوەیە، چونكە پێویستی بە بودجەیەكی تەرخانكراوی بەردەوام هەیە نەك لەسەر بودجەو داهاتی پارێزگاكان بێت هەندێك رۆژ هەبێت و هەندێك رۆژی تر نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا دەبێت بڕیارێك بدرێت ئەو پارەیەی بۆ سندوق تەرخانكراوە نەدرێت بەهیچ بابەتێكی تر لەكاتی نەبونی نەخیتە بۆ موچە یاخود بۆ هیچ مەبەستێكی تر، چونكە پێشتر پارەی سندوق بۆ موچە تەرخانكراوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group