نزیكەی 20 بەنزینخانە لە هەولێر سزادران

04/08/2022

ژمارەیەك بەنزینخانە لەشاری هەولێر بەهۆی فرۆشتنی بەنزینی خراپ و دەستكاریكردنی كوالیتیەكەی لەلایەن لیژنەكانی چاودێریەوە سزا دران.
پارێزگای هەولێر بڵاویكردەوە،  لەبەرامبەر دەستكاریكردنی كوالیتی بەنزین و بەهۆی خراپی ئەو بەنزینەی دەیفرۆشن بەهاووڵاتیان، 16 بەنزینخانەی تر لەهەولێرو دەوروبەری لەلایەن لیژنەی پشكنین و چاودێریكردنی بەنزینخانەكانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی نەوت و كانزاكانی هەولێر سزادراون و رێكاری یاسایی لەبەرامبەر خاوەنەكانیان گیراوەتەبەر.
راشیگەیاندوە، لەسەر فەرمان و راسپاردەی پارێزگاری هەولێر، تیمەكانی لیژنەی پشكنین و چاودێریكردنی بەنزینخانەكان راسپێردراون جگە لەتوندكردنی رێكارەكان بەرامبەر سەرپێچیكاران، پشكنینی بەنزینخانەكان چڕتر بكەنەوە بەرامبەر ئەو بەنزینخانانەی كە دەستكاری كوالیتی دەكەن و بەنزینی خراپ بەهاوڵاتیان دەفرۆشن.
بەپێی ئامارێكی پارێزگای هەولێریش، لەسەرەتای مانگی 6ی ئەمساڵەوە تا رۆژی پێنجشەممە 4-8 كۆی گشتی ئەو بەنزینخانانەی سزادراون 188 بەنزینخانەن لەو ژمارەیەش 8 بەنزینخانە بەهۆی دوبارەكردنەوەی سەرپێچی و دەستكاریكردنی كوالیتی و فرۆشتنی بەنزینی خراپ بەهاوڵاتیان، ناوەكانیان بۆ رای گشتی ئاشكرا دەكەن. 

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group