قائیمقامیەتی هەولێر: ئامادەكاری بۆ مەترسییەكانی لافاو كراوە

24/11/2022

نەوا
نەبەز عەبدولحەمید قایمقامی هەولێر رایگەیاند، ئامادەكارییان بۆ بارانبارین و مەترسییەكانی لافاو كردوەو ئەو ناوچانەی ئاویان تێدا كۆدەبێتەوە چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێت.
نەبەز عەبدولحەمید لە چاوپێكەوتنێكی تەلەفزیۆنیدا ئاماژەی بەوەكردووە، لە ئێستادا ئامادەكاری بۆ بارانبارین و مەترسییەكانی لافاو كراوە، چەندین لیژنەی شارەوانی هەستاون بە ئامادەكارییەكان.
ئەوەشی خستووەتەڕوو، تاوەكو ئێستا زیاتر لە 150 كیلۆمەتر رێڕەوی ئاو و كەندەكان پاككراونەتەوە و زیادەڕۆییەكان لابراون و ئاوەڕۆكانی ناو شاریش هەموویان پاككراونەتەوە، ئەو ناوچانەشی ئاویان تێدا كۆدەبێتەوە چارەسەری پێویستیان بۆ دەكرێت.
ئامادەكارییەكان لە پارێزگای هەولێر لەكاتێكدایە بەپێی پێشبینییەكانی كەش و هەوا لە ئێوارەی ئەمڕۆ پێنجشەممەوە شەپۆلێكی بارانبارینی بەلێزمە روو لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان دەكات و ماوەی 3 رۆژ بەردەوام دەبێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group