تاوەكو ئێستا هیچ بڕیارێك نییە بۆ پێدانی دۆلار بەنرخی بانكی ناوەندی بە گەشتیاران

30/01/2023
نەوا -
فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانی رایانگەیاند، تاوەكو ئێستا بە فەرمی هیچ بڕیارێكیان بەدەست نەگەیشتووە بۆ ئەوەی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی بە گەشتیاران بدرێت، ئەوان تەنها بیستویانە.
لەو بارەیەوە ئەحمەد هوشیار بەڕێوەبەری فڕۆكەخانەی هەولێر بە میدیای فەرمی پارتی وتووە، ئەوانیش گوێبیستی دەنگۆی پێدانی دۆلار بە نرخی بانكی ناوەندی بەو كەسانەی گەشت بۆ دەرەوەی وڵات دەكەن بوون، بەڵام تاوەكو  ئێستا بە فەرمی ئاگادار نەكراونەتەوە و هیچ بڕیارێكیشیان بۆ نەهاتووە.
رونیشیكردووەتەوە، هەر كاتێك بە فەرمی ئاگادار كرانەوە بڕیارەكە دەكەوێتە واری جێبەجێكردنەوە، ئەوەی هەیە تاوەكو ئێستا تەنها دەنگۆیە نەك بڕیار.
لەلایەكی ترەوە دانا محەمەد بەڕێوەبەری راگەیاندن و پەیوەندییە گشتییەكانی فڕۆكەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی باسی لەوە كردووە، هیچ وادەیەك دیارینەكراوە بۆ جێبەجێ كردنی بڕیارەكەی بانكی ناوەندی لەبارەی ئاڵوگۆڕی دینار بەرامبەر دۆلار و ئەوەی هەیە تەنیا بڵاوكراوەیەكە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group