نۆ ساڵ بەسەر تاوانی كۆمەڵكوژی كوردانی ئێزدی لە شنگال تێدەپەڕێت

02/08/2023

نەوا-
حكومەتی بەریتانیا رایگەیاند، ئەو تاوانانەی كە رێكخراوی چەكداری داعش لە 3ی ئابی ساڵی 2014دا دەرهەق بە كوردانی ئێزدیی لە قەزای شنگال ئەنجامیداون، جینۆسایدە.
بەم هەنگاوەیش بەریتانیا بوە 10یەمین وڵات لەسەر ئاستی جیهان كە كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكانی بە جینۆساید ناساندبێت.
لە چەند ساڵی رابردودا حكومەتی هەرێمی كوردستان هەوڵەكانی چڕتركردوەتەوە، بۆ ئەوەی كومەڵكوژیی ئێزدییەكان لەسەر ئاستی نێودەوڵەتی لەلایەن وڵاتانەوە بە جینۆساید بناسرێت.


لەچوارچێوەدا، وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوانی هەرێمی كوردستان، چەندین لیژنەی پسپۆڕی بۆ لێكۆڵینەوە لەو كۆمەڵكوژییەی داعش دەرهەق بە ئێزدییەكان ئەنجامیداوە پێكهێناوە.
هاوكات لەگەڵ ئەو هەوڵانە، تا ئێستا ژمارەیەك گۆڕی بەكۆمەڵی ئێزدییەكان كە لەلایەن تیمی گۆڕە بەكۆمەڵەكان سەربە وەزارەتی كاروباری شەهیدان و ئەنفالكراوان بە هاوكاری لەگەڵ وەزارەتە پەیوەندیدارەكانی دیكە لە حكومەتی فیدراڵی هەڵدراونەتەوە. لەسەر ئەو بنەمایە ئەو تاوانانەی دژ بە ئێزدییەكان ئەنجامداوە، بە دۆكیۆمێنت كراون و دراون بە وڵاتانی جیهان بۆئەوەی ئەو دۆسیەیە بە جینۆساید بناسێنن.
لەچوارچێوەی هەوڵەكانی حكومەتی هەرێم بۆ بەجینۆسایدناساندنی كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكان، تائێستا بە بەریتانیاوە، 10 وڵاتی جیهان، كومەڵكوژیی ئێزدییەكانیان بە جینۆساید ناساندوە.


لە ماوەكانی رابردودا هەریەك لە نەتەوە یەكگرتوەكان، یەكێتیی ئەوروپا، ئەرمینیا، كەنەدا، سكوتلاند، ئوسترالیا، پورتوگال، بەلجیكا، هۆڵەندا، فەڕەنساو ئەڵمانیا كۆمەڵكوژیی ئێزدییەكانیان بە جینۆساید ناساند.
وەزارەتی دەرەوەی بەریتانیا لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە كە حكومەتی بەریتانیا بەفەرمی دان بەوەدا دەنێت كە رێكخراوی داعش لە ساڵی 2014دا، تاوانی كۆمەڵكوژیی دژبە خەڵكی ئێزدیی ئەنجامداوە.
لەمبارەیەوە وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕست، لۆرد ئەحمەد رایگەیاندوە: نۆ ساڵ لەمەوبەر، ئێزدییەكان لەسەر دەستی داعش روبەڕوی نەهامەتیی گەورە بونەوە كە تائێستا كاریگەرییەكانی هەستیان پێدەكرێت، بۆیە پێوستە دادپەروەری و لێپرسینەوە لە ئەنجامدەرانی ئەو تاوانە بكرێت، گرنگیش بەو كەسانە بدرێت كە ژیانیان وێران بوە.
ئاماژەی بەوەشداوە كە دانپێدانانێكی مێژوییان جێبەجێكردوە بەوەی كە جینۆساید دەرهەق بە ئێزدییەكان ئەنجامدراوەو ئەم بڕیارە پابەندبونی بەریتانیا بەهێزتر دەكات بۆ دڵنیابونەوە لەوەی ئێزدییەكان دادپەروەرییان بۆ بەدی دێت و بە شایستە قەورەبو دەكرێنەوە.
وەزیری دەوڵەتی بەریتانیا بۆ كاروباری رۆژهەڵاتی ناوەڕاست ئەوەیشی خستوەتەڕوو كە بەریتانیا لە هەوڵەكانی بەردەوام دەبێت بۆ لەناوبردنی داعش، هەروەها ئاوەدانكردنەوەی ئەو كۆمەڵگەیانەی كە بەهۆی داعشەوە زیانیان بەركەوتوە.
بۆ یادكردنەوەی نەهامەتییەكان و رێزگرتن لە قوربانیان، لە هەریەكە لە بەغدای پایتەخت و كەمپی چەمشكۆ سنوری ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆ، رێوڕەسمی تایبەت بەڕێوەچو.
لە بەغدا بە ئامادەبونی سەرۆكی رەوتی حیكمەی نیشتمانیی عەممار حەكیم و ژمارەیەك لە كەسایەتی ئێزدیی و نوێنەرانی پێكهاتەكان، رێوڕەسمێك بۆ نۆیەمین ساڵیادی كۆمەڵكوژیی كوردانی ئێزدیی بەڕێوەچو.
لە میانی رێورەسمەكەدا عەممار حەكیم وتاریكی پێشكەش كردو رایگەیاند، رێكخراوی داعش قێزەونترین تاوانی دەرهەق بە ئێزدییەكان ئەنجامداوەو بەئامانجكردنی ئێزدییەكان لەلایەن داعشەوە، بەئامانجگرتنی سەرجەم عیراقییەكانە و داعش ژیانی ئاشتیانەی نێوان پێكهاتەكانی عیراقی كردە ئامانج.

ئاماژەی بەوەیشدا كە پێویستە ھەماھەنگی زیاتر لەنێوان حكوومەتی عێراق و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ھەبێت بۆ جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال و رایگەیاند، ئاوارە ئێزدییەكان مافی خۆیانە بگەڕێنەوە شنگال و داواشی كرد، قەزای شنگال دوبارە ئاوەدان بكرێتەوە و كێشە ئەمنی و كارگێڕییەكانی قەزاكە چارەسەربكرێن پێویستە سەرجەم لایەنەكان پابەندبن بە جێبەجێكردنی رێككەوتننامەی شنگال".
هاوكات ئاوارە ئێزدییەكان كە بە هۆی ناسەقامگیری ناوچەكانیان ناتوانن بگەڕێنەوە، یادی داگیركردنی شنگال و ناحیەكانی دەوروبەری و بەسەرهاتی ئێزدییەكانیان بە لەدەستگرتنی وێنەی قوربانیان و دانانی تاجەگوڵێنە لەسەر گلكۆی سمبولێكیان لە ناو كەمپەكەدا بەرز راگرت.
رۆژی 3ی ئابی 2014، داعش پەلاماری قەزای شنگال رۆژئاوای پارێزگای نەینەوایانداو بەهۆیەوە ژمارەیەكی زۆری كوردی ئێزدیی كوژران و برینداربون، هەروەها ژمارەیەكی زۆری دیكەیش ئاوارەبون، ئەمە وێڕای ئەوەی سەدانی دیكەیش رفێنران كە تا ئێستا چارەنوسی ژمارەیەكی زۆریان نادیارە.
بەھۆی پەلامارەكانی داعشەوە بۆ سەر قەزای شنگال، زیانی زۆری مادی بە ژێرخانی قەزاكە كەوت و ژمارەیەك زۆری خانو روخان و ژمارەیەك مەزارگەی ئێزدییەكان لەلایەن داعشەوە تەقێنرانەوە.

رۆژی 13ی تشرینی دووەمی ساڵی 2015 هێزەكانی پێشمەرگە بە پاڵپشتی فڕۆكە جەنگییەكانی ھاوپەیمانیی نێودەوڵەتی دژبە داعش، ئۆپراسیۆنێكیان بۆ كۆنترۆڵكردنەوەی شنگال دەست پێكردو لە میانی 24 كاتژمێردا، شنگال كۆنترۆڵكرایەوە.
دوای كۆنترۆڵكردنەوەی قەزای شنگال، تا ئێستا تەرمی ژمارەیەك لەو ئێزدیانەی كە لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە كوژران و لە گۆڕی بەكۆمەڵدا بون دۆزراونەتەوە و رادەستی كەسوكاریان كراوەنەتەوە.
بەپێی دوایین ئامار كە لە مانگی حوەزیراندا لەلایەن نوسینگەی رزگاركردنی رفێنراوانی ئێزدی بڵاوكراوەتەوە، 6 هەزار و 417 كوردی ئێزدیی لەلایەن تیرۆریستانی داعشەوە رفێنراون كە لەو ژمارەیە تائێستا،‌ 3 ھەزار و 568 كەسیان رزگاركراون و 2 ھەزار و 693 رفێنراوی دیكەیش ھێشتا بێ سەروشوێنن و چارەنوسیان نادیارە.
راپۆت/ ئاژانسی ئەنادۆڵ

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group