عیراق بانگهێشتی باڵیۆزی توركیا دەكات و ناڕەزایی پێ دەدات

7 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق رایگەیاند، هێرشە بەردەوامەكانی توركیا بۆسەر شارەكانی هەرێمی كوردستان و بەئامانجگرتنی سەربازان بەتوندی سەركۆنە دەكات، بۆ گەیاندنی پەیامی دەوڵەتی عیراقیش بە سەرۆكایەتی كۆماری توركیا باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشت دەكرێت و نامەی ناڕەزایی ئاڕاستە دەكرێت.
سەرۆكایەتی كۆماری عیراق لەسەر روداوی هێرشكردنەسەر فڕۆكەخانەی عەربەت پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاندوە، هێرشە دوژمنكارییەكانی توركیا لەرێگەی درۆنەوە بۆ سەر شارە ئارامەكانی هەرێمی كوردستان هیچ پاساوێكی ئەمنیان نیەو پێچەوانەی هەمو بنەمایەكی دراوسێیەتی باش و رێزگرتنە لە سەروەری دەوڵەتی عیراق.
باسی لەوەشكردوە، وەزارەتە ئەمنییەكانی عیراق راسپێراون لێكۆڵینەوەی ورد لە روداوەكە بكەن و كۆمەڵگەی نێودەوڵەتیش لە هێرشەكە ئاگادار دەكرێتەوە، هاوكات بۆ گەیاندنی پەیامی ناڕەزایی بە توركیا، باڵیۆزی توركیا لە بەغدا بانگهێشت دەكرێت و نامەی ناڕەزایی ئاڕاستە دەكرێت.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group