گۆڤارێكی ئەمریكی: عیراق هاوبەشێكی دژبەیەك یاخود دوژمنێكی ناڕاستەوخۆی ئەمریكایە

30/09/2023 عێراق

نەوا - 
گۆڤارێكی ئەمریكی دەڵێت، ولایەتە یەكگرتووەكانی ئەمریكا وەك هاوڕێیەكی دوژمن سەیری عیراق دەكات، هەندێكیش پێیان وایە كە لە باشترین حاڵەتدا عیراق هاوبەشێكی دژبەیەك یاخود دوژمنێكی ناڕاستەوخۆیە.
بەپێی راپۆرتێكی گۆڤاری "فۆڕین ئەفێرز"، عیراق پێشتر دوژمن بوو دواتر بووە هاوڕێی ئەمریكا، بەڵام ئێستا بووەتە هاوڕێی دوژمن، ئەو جۆرانەی پەیوەندیش پشتیان بە گۆڕینی ئیدارەكانی واشنتن بەستووە.
رونیشكراوەتەوە، دوای پێكهێنانی ئیدارەی بایدن و سەقامگیرییەكی رێژەیی لە عیراق هەردوو وڵات بەرەو ئەوە دەچن كە پەیوەندییەكی بەردەوامیان هەبێت، نوێنەرانی هەردوو وڵات لە واشنتن یەكیان بینی و دانوستانی دووقۆڵی سەبارەت بە هاوبەشی بەرگریی درێژمەودا لە نێوان هەردوولا دەستی پێكرد، ئەو گفتوگۆیانە و هەر رێكەوتنێكی دواتر پرسیاری ئەوە دەجوڵێنێت كە ئایا پێویستە ئەمریكا بەدوای چ جۆرە پەیوەندییەكدا بگەڕێت لەگەڵ عیراق؟
سەبارەت بە چۆنێتی بیركردنەوەی سیاسەتمەدارانی و بڕیاربەدەستانی ئەمریكا لە عیراق گۆڤارەكە نوسیویەتی، عیراق پێشتر  و لە سەردەمی سەدام حسێندا دەوڵەتێكی دوژمن بووە، دواتر بووە بە "تاقیكردنەوەیەك بۆ پێكهێنانی دەوڵەت" و دواتریش هاوبەشێك لە شەڕی دژی تیرۆر، هەروەها دواتریش بووەتە بوكەڵەیەك كە لەژێر كۆنترۆڵی ئێراندایە، ئێستاش ئیدارەی بایدن دەیەوێت ئەوە بگۆڕێت.
فۆڕین ئەفێرز هێمای بۆ ئەوەشكردووە، هەندێك لە گروپە شیعیەكان رێنمایی لە ئێرانەوە وەردەگرن و ئەمریكاش ئەوەی پشتگوێ خستووە، ئەوانەی گومانیان هەیە پێیان وایە ئیدارەی بایدن ئامادەیە لەگەڵ ئەو راستیەدا بژی، بەڵام عیراق ناتوانرێت وەك هاوبەشێكی هەرێمی سەربەخۆ سەیر بكرێت، لە باشترین بارودۆخدا هاوبەشێكی دژبەیەكە یاخود دوژمنێكی ناڕاستەوخۆیە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group