ژمارەیەك رێكخراوی ژینگەیی بۆ لایەنەكان: شێواندنی سروشت و ژینگە رابگرن

پێش 2 هەفتە

نەوا-
ژمارەیەك رێكخراوی ژینگەیی و كۆمەڵگەی مەدەنی یاداشتێك ئاڕاستەی لایەنە پەیوەندیدارەكان دەكەن تاكو رێگە بگرێت لە شێواندنی سروشت و ژینگەی كوردستان.
لە یاداشتنامەیەكدا لەژێر ناونیشانی (تكایە شێواندنی سروشت و ژینگەی كوردستان رابگرن) ژمارەیەك رێكخراو رایانگەیاندوە، لە سۆنگەی هەستكردنمان بەرامبەر بە ژینگەی هەرێمی كوردستان، وەك بەشێك لە رێكخراوە ژینگەییەكان و چالاكوانان و رێكخراوەكانی كۆمەڵگەی مەدەنی ئەم داواكارییەی بەشێك لەدڵسۆزانی ژینگەی قەزای دەربەندیخان ئاڕاستەی سەرجەم لایەنە پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێم (جێگری سەرۆك وەزیران، وەزارەتی كشتوكاڵ، دەستەی ژینگە، دەستەی گەشتوگوزار، داواكاری گشتی، پۆلیسی پاراستنی دارستان)  دەكەین.
ئاماژەشیانكردوە، بە بەرچاوی هەموانەوە دەستكراوە بە شێواندن و وێرانكردنی ژینگەی سروشتیی ناوچەكە، داواكارین دەستبەجێ ئەو كارە رابگیرێت و سەرپێچیكاران سزا بدرێن كە لە ئێستادا دەستكراوە بە وێرانكردنی شاخی گوڵان كە بە سەدان درەختی بەتەمەنی سروشتی لەناوبراون، هەروەها هەوڵی وێرانكردنی ناوچەیەكی گەشتیاریش دەدرێ بەناوی تونی بابا.
ئەو رێكخراوانە باسیا لەوەشكردوە، ئەم مەترسیانە تەنها لە سنوری قەزای دەربەندیخان نیە، لە زۆربەی ناوچەكانی تری هەرێمی كوردستان هەمان كێشەو گرفت و شێواندنی ژینگە بونیان هەیە، داواكارین دەستبەجێ لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە دروست بكرێت بۆ لێپرسینەوەو بە دواداچونی ئەو كێشەیە، ئەگەرنا بە مافی خۆمانی دەزانین رێگەی یاسایی و چالاكی مەدەنی بگرینەبەر.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group