"بڕیار نیە سەرۆكی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك و جێگرەكەی هەڵبژێردرێن"

10/07/2024

نەوا-
هەریەك لە یەكێتی و پارتی پێشوازی لە بڕیارەكەی سەرۆك وەزیرانی عیراق دەكەن بۆ كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك.
حەسەن شێخانی سەرۆكی فراكسیۆنی پارتی لەئەنجومەنی پارێزگای كەركوك بەسایتی فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە، دوای دیاریكردنی یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك، رۆژی پێنجشەممە وەك فراكسیۆنی پارتی ئامادەی كۆبونەوە دەبن بۆئەوەی ئەندامانی ئەنجومەن شەرعیەت وەربگرن و دواتریش لایەنەكان دەست بە گفتوگۆ بكەن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگاو ئەنجومەن.
وتوشیەتی: رۆژی پێنجشەممە تەنها ئەنجومەنەكە شەرعیەت وەردەگرێت دواتر لایەنەكان گفتوگۆ دەكەن بۆ دابەشكردنی پۆستەكانی پارێزگاو ئەنجومەن، بڕیاریش نیە سەرۆكی ئەنجومەن و جێگرەكەی هەڵبژێردرێن، بەڵام هەر كاتێك گفتوگۆ لەسەر پۆستەكان بكرێت، ئامادەن و داواكاریی خۆیان ئامادە كردوەو پێشنیاریان بۆ چارەسەری دۆخەكە هەیە.
لەلایەن خۆشیەوە سەباح شێخ حەبیب ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عیراق لەفراكسیۆنی یەكێتی لەپشكی كەركوك بەسایتی فەرمی حزبەكەی راگەیاندوە،  پێشتر چەند جارێك یەكێتی لەڕێگەی نوێنەرەكانیەوە لە بەغدا داوای لە سەرۆك وەزیرانی عیراق كردوە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنی پارێزگای كەركوك ئەنجام بدرێت، لەئێستاشدا كە سەرۆك وەزیران بڕیاریداوە پێنجشەممە یەكەم كۆبونەوەی ئەنجومەنەكە ئەنجام بدرێت، ئەوانیش پێشوازی لەو بڕیارە دەكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group