نەوا-
كۆتا كاروانی ئاوارەكانی عیراق لەشاری سلێمانی گەڕێنرانەوە زێدی خۆیان و سەرجەم كەمپەكانیش داخران..
سامر مەشكور بەڕێوەبەری لقی هەرێمی كوردستان سەر بە وەزارەتی كۆچ و كۆچبەران لە پرێس كۆنفرانسێكدا رایگەیاند، كۆتا كاروانی ئاوارەكان لە شاری سلێمانی گەڕێنرانەوە شوێنە رەسەنەكانی خۆیان و بەئامادەبونی ئیڤان فایەق وەزیری كۆچ و كۆچبەرانی عیراقیش كەمپەكانی سلێمانی داخران و ئەو خێزانانەی مابون گەڕێنراونەتەوە پارێزگای سەڵاحەدین و پارێزگاكانی تری عیراق، ئێستا لەسلێمانی هیچ ئاوارەكی تیادا نەماوە ئەوانەشی وەك خێزان لەناو شاری سلێمانیدا دەژین ئاوارە نین.
مەشكور وتیشی: لەسلێمانی هەماهەنگیەكی باشمان لەگەڵدا كراوە بۆ داخستنی ئەو كەمپانە پێویستە سوپاسیان بكەین بۆئەوەی ماوەیەكی زۆر ئەو خێزانە ئاوارانەیان لە ئامێز گرتوە، ئێستاش هیچ كێشەو بەربەستێك بۆ گەڕاندنەوەیان دروستنەكراوە.
سامر مەشكور راشیگەیاند، لەشاری دهۆك چەندین خێزان داوای گەڕاندنەوەیان پێشكەش كردوە تائێستا زیاتر لە 3 هەزار خێزان خۆیان بۆ گەڕاندنەوەی ناوچەكانیان تۆمار كردوە.