نەوا-
وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان رایگەیاند: ئەو مامۆستا وانەبێژانەی دابڕابون فۆڕمەكانیان بۆ پڕدەكرێتەوە تاكو لە داهاتودا ئەولەویەتیان پێبدرێت.
ئالان حەمە سەعید وەزیری پەروەردەی هەرێمی كوردستان لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لەم كابینەیەدا 5 هەزارو 88 مامۆستای گرێبەست كرانە هەمیشەیی 37 هەزارو 933 مامۆستای وانەبێژ كرانە گرێبەست كە كۆی گشتی دەكاتە 41 هەزارو 23 مامۆستا.
لەبارەی ئەو وانەبێژانەی كە دابڕاون و داوای بەگرێبەستكردنیان دەكەن وەك هاوڕێكانیان وتی: دابڕانی ئەو وانەبێژانە ئەو شێوەیەیە كە هەیە میلاك هاتۆتە شوێنی هەیە خۆی بەجێی هێشتوە هەیە بەهۆی حاڵەتی منداڵبون و نەخۆشی و هاوسەرگیرییەوە بوە، داتابەیسێكمان بۆ دروستكردون ناردومانە بۆ پەروەردەكان بۆئەوەی فۆڕمەكان بۆ ئەوانیش پڕبكرێتەوە.
وەزیری پەروەردە راشیگەیاند، ئاگاداری ئەو مامۆستایانەمان كردوە كە لە ئاییندەدا لەم پرۆسەیە هەر لەجێگەدانانێك هەبێت ئێمە ئەولەویەت دەدەینە ئەو مامۆستایانە چونكە خزمەتیان بە پرۆسەی پەروەردە كردوە.
لەبارەی دەستپێكی خوێندنی ساڵی نوێوە ئالان حەمە سەعید وتی: پشتیوان بە خودا رۆژی 25 ی ئەم مانگە زەنگی خوێندن لەهەرێمی كوردستان لێدەدرێت و پرۆسەی خوێندن دەستپێدەكات.