نەوا-
لەسەر راسپاردەی محەمەد عەبدولـلەتیف وەزیری پەروەردەی عیراق قوتابیانی لوبنان لە ناوەندەكانی خوێندن لە عیراق وەردەگیرێن.
وەزارەتی پەروەردەی عیراق لە راگەیەنراوێكدا ئاماژەی بەوەداوە، محەمەد عەبدولـلەتیف بەڕێوەبەرایەتییە گشتییەكانی سەربە وەزارەتی پەروەردەی راسپاردوە لەوەی رێنمایی بەپەلە دەربكەن بۆ وەرگرتنی ئەو قوتابیانەی كە لە لوبنانەوە بۆ خوێندن رو لەقوتابخانەكانی عیراق دەكەن بۆئەوەی لە خوێندنی ئەمساڵ بێبەش نەبن.
باسی لەوەشكردوە، ئەو هەنگاوە لەسەر راسپاردەی محەمەد شیاع سودانی سەرۆك وەزیرانی عیراق بوە وەك هەڵوێستێكی مرۆیی و نیشتمانی بۆ پاڵپشتیكردن لە قوتابییانی لوبنان.
پێشتریش سەرۆك وەزیرانی عیراق وەزارەتی ناوخۆی وڵاتەكەی راسپارد هەماهەنگی لەگەڵ باڵیۆزخانەی لوبنان لە عیراق بكات، بۆئەوەی بەڵگەنامەی گەشتی خێرا ببەخشێت بەو هاووڵاتیە لوبنانیانەی كە پاسپۆرتیان نییەو ئێستا بەهۆی هێرشەكانی ئیسرائیلەوە دەیانەوێت بێنە ناو خاكی عیراقەوە.