كەشناسی هەرێم: لێزمەباران زۆربەی ناوچەكانی هەرێم دەگرێتەوە

03/11/2024

نەوا-
كەشناسی هەرێم ڕایگەیاند، لە زۆربەی ناوچەكانی هەرێمی كوردستان لیزمەباران دەبارێت و لە سبەینێشەوە كاریگەریی شەپۆلی بارانەكە لاواز دەبێت.
بەڕێوەبەرایەتی گشتی كەشناسی و بوومەلەرزەزانی هەرێمی كوردستان ڕایگەیاند، ئەمڕۆ یەكشەممە لە سەنتەری پارێزگەی هەولێر و ناوچە شاخاوییەكان و ئیدارەی سەربەخۆی سۆران، كاریگەری بارانبارین و شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە نیوەڕۆ دووبارە بارانبارین دەست پێدەكاتەوە، لە دوای نیوەڕۆوە ڕێژەی بارانبارین زیاد دەكات بۆ لێزمە بارانی ناو بەناو، كاریگەی ئەم كەشە ناسەقامگیرە تا كاتەكانی شەو درەنگ دەمێنێتەوە.
ئاماژەی بەوەشداوە، لە سنووری پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارەی ڕاپەڕین، كاریگەری شەپۆلی بارانبارین بەردەوام دەبێت، لە دوای نیوەڕۆ بارانبارین لەسەر ناوچە جیاجیاكانی سنووری ئەم ناوچانە دەست پێدەكات، بارانبارین مامناوەند دەبێت، و بارانبارینی بە لێزمە لەسەر بەشێك لە ئیدارەی ڕاپەڕین و باكووری پارێزگای سلێمانی دەبێت، هەروەها لەگەڵ بارانبارینی بە لێزمە هەورە تریشقەش دەبێت.
باسی لەوەشكرد، سەبارەت بە سنووری پارێزگەی دهۆك و ناوچە شاخاوییەكانی ئیدارەی سەربەخۆی زاخۆش ئاسمانی ئەم ناوچانە زیاتر نیمچە هەور دەبێت، كاریگەری بارانبارین لەم ناوچانە بە شێوەی نمە بارانی پچر پچر لەسەر هەندێ ناوچە لە هەندێ كاتدا دەبێت.
سەبارەت بە سبەینێ دووشەممەش كەشناسی ڕایگەیاند، شەپۆلی بارانبارین بە گشتی لە سەر ناوچەكەمان لاواز دەبێت، ئاسمانی هەرێم نیمچە هەور دەبێت، بارانبارین بە شێوەی نمە باران و هەندێك كات بارانی مامناوەند لە سەر ناوچە شاخاوییە بەرزەكان دەبارێت، لە سەنتەری پارێزگاكان نمە باران و هەندێ كات هەورە تریشقەش دەبێت.
بەرزترین پلەكانی گەرمای پێشبینیكراو بە پلەی سیلیزی بەم شێوەیە دەبێت:
هەولێر: 21 پلەی سیلیزی
سلێمانی: 21 پلەی سیلیزی
دهۆك: 24 پلەی سیلیزی
كەركووك: 24 پلەی سیلیزی
هەڵەبجە: 21 پلەی سیلیزی
زاخۆ: 26 پلەی سیلیزی
سۆران: 17 پلەی سیلیزی
گەرمیان: 28 پلەی سیلیزی
حاجی ئۆمەران: 12 پلەی سیلیزی

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group