نەوا-
لە كۆبونەوەكانی قائیمقامیەتی سلێمانیدا گفتوگۆ دەكرێت لەسەر میكانیزمی پاراستنی هاوسەنگی لە نێوان بەروبومی ناوخۆیی و هاوردەكراودا.
قائیمقامیەتی سلێمانی بڵاویكردۆتەوە، لە دیوانی قائیمقامیەت بە سەرپەرشتی ئاوات محەمەد قائیمقامی سلێمانی لیژنەی دیاریكردنی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و لیژنەی دانانی هاوسەنگی بەرهەمی سەوزە و میوە كۆبونەوەی مانگانەی خۆیان بەمەبەستی دانانی میكانیزمی پاراستنی هاوسەنگی بەروبومی ئاژەڵی و پەلەوەری و بەرهەمەكانی سەوزە و میوە ئەنجامدا.
لە كۆبونەوەیەكدا باس لەوەكراوە، بە هەماهەنگی لایەنە پەیوەندیدارەكان بڕیاردرا لە پڕكردنەوەی پێداویستی بازاردا پشت بە مریشك و هێلكەی پرۆژەكانی ناوخۆ ببەسترێت لەبەرئەوەی لە وەرزی بەهاردا بە رێژەیەكی بەرز بەرهەم دەهێنرێت، هەروەها لە چوارچێوەی بڕیارو رێنماییەكانی حكومەتی هەرێم رێگە بە هاوردەكردنی گۆشت و ئاژەڵی زیندو و ماسی دەدرێت، هاوردەكردنیشیان لە مانگی 3 دا كراوە دەبێت.
ئاماژە بەوەشكراوە، لەبارەی بەروبومی ئاژەڵی بچوك لە ناوخۆدا قائیمقامی سلێمانی لایەنە پەیوەندیدارەكانی راسپارد كە رێگری لە بردنە دەرەوەی ئاژەڵی زیندو بۆ پارێزگاكانی ناوەراست و باشوری عیراق بكرێت، لەبەرئەوەی لە ئێستادا خواستی هاوڵاتیان لە سەر بەكارهێنانی گۆشتی سور زیادیكردوەو ئەم قەدەغەكردنەش دەبێتە هەنگاوێك بۆ رێگریكردن لە بەرزبونەوەی نرخی گۆشت لە بازاڕدا.
لە كۆبونەوەیەكی دیكەی قائیمقامیەتدا باس لەوەكراوە، ئەو هەنگاوانە بگیرێتە بەر بۆ دانانی هاوسەنگی لە نێوان بەرهەمی سەوزەو میوەی ناوخۆو هاوردەكراودا كە لەم وەرزەدا بەرهەمەكانی ناوخۆ بەتەواوەتی پێ نەگەیشتون، بۆیە رێگە دەدرێت هاوردەكردنی چەند جۆرێك سەوزەو میوە بە مەرجی تەندروستییەوەو بەپێی پێویست كراوە بێت.
جەختیشكراوەتەوە، قەدەغەی هاوردەكردن و ساغكردنەوەی فاسۆلیای تەر بكرێت كە لە ئێستا بەهۆی بڵاوبونەوەی جۆرە نەخۆشیەك تێیدا هاوردەكردنی راگیراوە، بۆیە لیژنەهاوبەشەكان راسپێردراون لەهەر شوێنێكی میوە فرۆشیدا بینرا دەسبەجێ دەستی بەسەردا بگرن و لەناوی ببەن.