نەوا-
دوێنێ شەو ئیسرائیل زیاتر لە 18 هێرشی ئاسمانی لە سەرانسەری خاكی سوریا ئەنجامداوە.
ئاژانسی هەواڵی عەرەبی سوریا (سانا) ئاشكرایكرد، لە ئەنجامی هێرشە ئاسمانییەكانی ئیسرائیل بۆ سەر دەوروبەری شاری حەرەستا لە دیمەشق و دەوروبەری گوندی شەتحا لە حەمما هاووڵاتییەكی مەدەنی كوژراوە.
میدیاكانی سوریا رایانگەیاندووە، ئیسرائل 18 هێرشی ئاسمانی لەسەرانسەری سوریا ئەنجامداوە، روانگەی سوریش دەڵێت، سوریا لە مێژووی خۆیدا تووشی توندوتیژترین شەپۆلی هێرش و بۆردومانی ئاسمانی بووەوە.
هاوكات سوپای ئیسرائیل رایگەیاند، لە زنجیرەیەك هێرشی ئاسمانی ژێرخانی سەربازیی سوریایان كردە ئامانج و بارەگا سەربازییەكان ئەو شوێنانە دەكاتە ئامانج كە چەك و كەرەستەی تێدایە.
ئاماژەی بەوەشكرد، هێرشیان كردووەتە سەر شوێنێكی سەربازی و دامەزراوەی دژە فڕۆكە و ژێرخانی موشەكی سەرزەوی بۆ ئاسمانی لە سوریا.
ئاشكراشیكرد، سوپای ئیسرائیل بەردەوام دەبێت لە گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ پاراستنی هاووڵاتیانی دەوڵەتی ئیسرائیل.