"رادەستنەكردنی نەوت بە بەغدا پابەندبونە نەوتییەكانی هەرێم دەخاتە مەترسییەوە"

1 رۆژ پێش ئێستا

نەوا-
وەزارەتی نەوتی عیراق جارێكی تر جەختی لەسەر پێویستی پابەندبونی حكومەتی هەرێمی كوردستان كردەوە بە دەستورو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی و یاسا كارپێكراوەكان.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی نەوتی عیراق بڵاویكردوەتەوە، جەخت لەسەر پابەندبونی حكومەتی هەرێم دەكەنەوە بە دەسترو بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لەوانەش یاسای بودجەی گشتی كە حكومەتی هەرێم پابەند دەكات بەوەی نەوتی بەرهەمهێنراو لە كێڵگەكانی خۆی رادەستی وەزارەتی نەوتی فیدراڵی بكات بەمەبەستی هەناردەكردن و داهاتەكانی بخرێتە خەزێنەی گشتییەوە، هەروەها پێشتر وەزارەت نوسراوی فەرمی و شاندی بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان بە بەردەوامی ناردوە بۆ گەیشتن بەو ئامانجە بەڵام بێ سود بوە.
وەزارەتی نەوتی عیراق ئاماژەشیكردوە، جەخت لەسەر پێویستی دەستبەجێ دەستپێكردنی رادەستكردنی نەوت دەكەنەوە بەگوێرەی دەقی یاسای بودجەی هەمواركراو كە بە رێككەوتن لەگەڵ حكومەتی هەرێم دەركراوە، پێویستە حكومەتی هەرێم لەبەڵێنەكانی خۆی پاشگەز نەبێتەوەو بەردەوامبونی لە ڕادەستنەكردنی نەوت دەبێتە هۆی گەیاندنی زیانی دارایی گەورە بە عیراق و ناوبانگی نێودەوڵەتی عیراق و پابەندبونە نەوتییەكانی دەخاتە مەترسییەوە.
وەزارەتی نەوت راشیگەیاندوە، ا پابەندنەبونی حكومەتی هەرێم بە دەستورو یاسا بوە هۆی ئەوەی كە دوو جار زیان بە هەناردەكردنی نەوتی عیراق و خەزێنەی گشتی بگات، هەروەها بەدواداچونیش بۆ ئەو زانیاریانە دەكەن كە ئاماژە بە بەردەوامبونی بە قاچاخبردنی نەوت لە هەرێمەوە بۆ دەرەوەی عیراق.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group