نەوا-
ئەمڕۆ سێشەممە وەرگرتنی گەنمی جوتیاران بۆ ساڵی 2025 دەستیپێكرد و هاوشێوەی ساڵی ڕابردوو بە پێی ناوچەكان وەردەگیرێت.
بە پێی ڕاگەیەندراوێكی سایلۆی پیرەمەگروونی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی بازرگانی دانەوێڵەی سلێمانی ئەمساڵیش وەك ساڵی ڕابردوو گەنم وەرگرتن بە پێی ناوچەكانە و داواشی لە جوتیاران كردووە كە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بكەن:
1- سبەینێ تەنها جوتیارانی سنوری هەر دوو بەشی كشتوكاڵی پیرەمەگروون و تانجەرۆ(عەربەت) گەنمەكانیان بێنن جگە لە جوتیارانی ئەو دوو بەشە كشتوكاڵیە هیچ جوتیارێك لە بەشە كشتوكاڵیەكانی تر ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانیان ڕانەگرن .
2- جوتیاران ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكانیان بە یەك ڕیز ڕاگرن و دەبێت سەرجەم ئۆتۆمبێلەكان پڕ بن لە دانەوێڵە، بە پێچەوانەوە باج بە دوو ڕیز و بە هیچ ئۆتۆمبێلێكی بەتاڵ و نیوە نادرێت.
3- تراكتۆرەكان لای دیواری سایلۆوە بۆ سەرەوە بۆ لای سەربڕخانەكەی پیرەمەگروون بە یەك ڕیز بۆستن و پێویستە دانەوێڵەیان پێ بێت بە پێچەوانەی ڕێنماییەكان باج بە هیچ تراكتۆرێك نادرێت.
4- بۆ هەر بارهەڵگرێك پێویستە تەنها شۆفێری بارهەڵگرەكە بێتە ژوورەوە بۆ ڕاییكردنی مامەڵەكان هیچ بار هەڵگرێك نابێت لەیەك كەس زیاتر ی لەگەڵ بێت.
5- وەك تێبنی كراوە، خاوەن ئۆتۆمبێلە بارهەڵگرەكان بە پلێت و ئاسان بۆدی گەڵابەكانیان بەرز كردوەتەوە، بۆ ئەوەی دانەوێڵەی زیاتری لێ بار بكرێت، بۆیە هەر بارهەڵگرێك، بەشێوەیەك بەرزی كردبێتەوە كە ئامێری ڕاكێشانی گەنم بۆ پشكنین نەگانە بنی بۆدیەكە، گەنمەكەی لێ وەرناگیرێت .
6- داواكارین لە جوتیاران گەنمەكانیان تەنها لەو بارهەڵگرانە باركەن كە خۆیان هەڵی دەڕێژن واتە قەلابن بە پێچەوانەوە گەنمیان لێ وەرناگیرێت .