نەوا-
عەلی حەمەساڵح بڕیاردەری رەوتی هەڵوێست لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ڕایگەیاند، عێراق لەدوایین داواكاریدا داوای تەواوی نەوتی هەرێمی كوردستان دەكات كە بە پێی یاسای بودجە 400 هەزار بەرمیلە بەڵام هەرێم دەڵێت، 280 هەزار بەرمیل نەوت بەرهەمدەهێنرێت.
ئاماژەی بەوەشكرد، بەغدا دەڵێت، بۆ هەر بەرمیلێك 16 دۆلار دەداتە كۆمپانیاكان و پێویستی ناوخۆی هەرێمی كوردستانیش پڕ دەكاتەوە هاوشێوەی شارەكانی دیكەی عێراق.
باسی لەوەشكرد، ئەو بژاردەیەی عێراق "دەرفەتێكی زێڕینە" جگە لەوەی نەوتی سپی و بەنزین دەبێتە هەمان نرخی پارێزگاكانی دیكەی عێراق هاوكات موچەش مانگانە لە وادەی خۆیدا دەدرێت، هەروەها، مەرجی سێیەمی بەغداش 50%ی داهاتی نانەوتی هەرێمی كوردستانە.
عەلی حەمەساڵح دەڵێت، هەرێمی كوردستان داوا دەكات 100 هەزار بەرمیل نەوت لای خۆی بمێنێتەوە بۆ پاڵاوتن و پێداویستی ناوخۆ، لەكاتێكدا ئێستاش كە كۆی نەوتەكە لای هەرێمە پاڵاوتن و پێداویستی ناوخۆ پڕ ناكەنەوە و بە نرخی پاڵپشتیكراو سوتەمەنی نادرێتە هاوڵاتیان.