نەوا-
كۆنگرێسمانێكی ئەمریكی داوا دەكات، حكومەتی عێراق چیتر مووچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان ڕانەگرێت و ڕێگە بە بەرهەمهێنانی نەوت و فرۆشتینی بدات.
جۆو وێڵسن كۆنگرێسمانی ئەمریكی لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی (ئێكس) بڵاوی كردۆتەوە، هەمواركردنەوەی ماددەی 12 لە یاسای دەسەڵاتی بەرگریی نیشتمانی (NDAA) پێشكەش بە كۆنگرێس كردووە، ئەمەش بۆ پشتیوانیكردن لە حكومەتی هەرێمی كوردستانی وەك هاوبەشێكی ستراتیژیی گرنگی ئەمریكا.
لە هەمواركردنەوەكەدا ئەوەش هاتووە، كۆنگرێس وای دەبینێت كە حكومەتی هەرێمی كوردستان هاوبەشێكی ستراتیژیی گرنگی ئەمریكایە و پێویستە حكومەتی عێراق واز لە هەوڵە ناسەقامگیركەرەكانی بە تایبەت ڕاگرتنی مووچە و شایستە داراییەكانی فەرمانبەرانی حكومەتی هەرێمی كوردستان بهێنێت.
ئاماژە بەوەشدراوە، دەبێت حكومەتی عێراق واز لە هەوڵەكانی بۆ ڕێگریكردن لە حكومەتی هەرێمی كوردستان لە پەرەپێدان و هەناردەكردنی سەرچاوەكانی وزە و نەوت بهێنێت.
وێلسن ئەوەشی ئاشكراكردوە: ئەمریكا پشتیوانی لە دابینكردنی ڕێوشوێنی ئەمنیی پێویست بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستان دەكات، تاوەكوو بتوانێت لە بەرانبەر “هێرشەكانی ئێران و میلیشیا بەكرێگیراوەكانی” بۆ سەر حكومەتی هەرێمی كوردستان و سەرچاوەكانی وزە، بەرگری لە خۆی بكات.