نەوا-
سەنتەری میترۆ بۆ داكۆكی لەمافی رۆژنامەنوسان داوا لە دامەزراوە مەدەنی و سەربازییەكانی حكومەتی هەرێم دەكات كۆتایی بە هەڕەشەو گوشارەكانی سەر كاری رۆژنامەنوسان بهێنێت، لەیەكلاكردنەوەی دۆسییەی رۆژنامەنوسانیشدا لەبری "بڕگەكانی دەمكوتكردن كە لەیاسای سزادانی عیراقیدا هەیە پەنا بۆ یاسای رۆژنامەگەری ببرێت".
ئەم داوایەی سەنتەری میترۆ دوای ئەوە هاتوە كە هەواڵی دەستگیركردنی بەڕێوەبەری كەناڵی ئاسمانی NRT بڵاوكرایەوەو راشیگەیاندوە كە دادگای قەزای شەقلاوە فەرمانی 15 رۆژ راگرتنی بۆ بەڕێوەبەری كەناڵەكە دەركردوە لەسەر سكاڵایەك كە لەسەری تۆماركراوە.
سەنتەری میترۆ ئاماژەشیكردوە كە بەپێی بە دواداچونەكانی رۆژانەیان بۆ رەوشی ئازادی رۆژنامەگەریی، پەیامنێرانی كەناڵی ئێن ئاڕتی لە زۆربەی شارەكانی هەرێمی كوردستان فشار دەخرێتە سەریان و ئازادی كاركردنیان بەرتەسكدەكرێتەوە.