نەوا-
كەشناسیی عێراق پێشبینیی دەكات لە سبەینێ دووشەممەوە شەپۆلێكی باران و هەورەبرووسكە روو لە بەشێك لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق بكات.
عامر جابری وتەبێژی دەستەی كەشناسی و بوومەلەرزەزانیی عێراق لە لێدوانێكدا راگەیاندوە، بەهۆی كاریگەریی درێژبوونەوەی نزمەپاڵەپەستۆیەكی ناجێگیر لە چینەكانی سەرەوەی بەرگەهەوا، لە رۆژانی سێشەممە و چوارشەممەی ئەم هەفتەیەوە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان، رۆژئاوا و عێراق دەكەونە ژێر كاریگەرییەوە.
ئاماژەی بەوەشدا، لە ئێوارەی دووشەممەوە، هەوری كەڵەكەبوو لە ناوچەكانی رۆژئاواوە دەست بە چڕبوونەوە دەكات و دواتر بەرەو شارەكانی دیكە درێژ دەبێتەوە، لەگەڵ زیادبوونی پەڵەهەورەكان، ئەگەری بارانی پچڕپچڕ و هەورەبرووسكە لە هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای عێراق زیاددەكات، كە بڕەكەی بەگوێرەی ناوچەكان لەنێوان كەم بۆ مامناوەند دەبێت.
كەشناسیی عێراق پێشبینیی دەكات، بەیانیان و شەوان كەشوهەوا سارد بێت و بەڕۆژیش فێنك بۆ نیمچە سارد بێت، بەتایبەتی لە ناوچەكانی هەرێمی كوردستان و رۆژئاوای عێراق.