سەنتەری میترۆ داوا دەكات میدیاكان بە بەرپرسیارێتیەوە روماڵی روداوەكان بكەن

50 خولەک پێش ئێستا

نەوا-
سەنتەری‌ میترۆ بۆ داكۆكی لە مافی رۆژنامەنوسان لە راگەیەنراوێكدا داوای لەمیدیاكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان كرد بۆ روداوە نەخوازراوەكانی‌ هەرێم پیشەییانەو بە بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن و دور بكەونەوە لەڕای‌ پێشوەختە، هەروەها نەبنە هۆكاری‌ نانەوەی‌ پشێوی‌ و گەرمكردنی‌ دوبەرەكی‌ لە نێو لایەنە سیاسییەكانی‌ هەرێمی‌ كوردستان، ململانێ و ئەجێندای حزبی و تایبەتی تێكەڵ بە بابەتە هەستیارەكان نەكەن.
سەنتەری میترۆ باسی لە هێرشی سەر كیڵگەی غازی كۆرمۆر كردوەو رایگەیاندوە، چەند میدیاو پەیجێك لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان لەهەرێمی‌ كوردستان سەرەڕای‌ پێكهێنانی‌ لیژنەی‌ لێكۆڵینەوەو ئیدانەكردنی‌ وڵاتانی‌ زلهێزی‌ دنیا، هەندێك میدیاو پەیجی فەیسبوكی نزیك لەدەسەڵات بەئەنقەست و دور لە جێبەجێكردنی‌ پرەنسیپەكانی‌ رۆژنامەوانی‌ تۆمەت دەبەخشنەوەو ململانێ‌ سیاسییەكان توند دەكەنەوە، بەبێ ئەوەی بزانن ئەمەش تێكدانی ئاسایشی نەتەوەییە.
سەنتەری‌ میترۆ راشیگەیاندوە،  ئەوەی‌ كەبەشێك لە میدیاكان دەیكەن گوتارێكی‌ ناڕێكی‌ میدیاییە كە بۆتە چەكێك بەدەستی‌ خەڵكانێكەوە كە بەرژەوەندییان لەپشێویی‌ و شەڕو ئاشوبدایە، بۆیە دەبێت میدیاكاران زۆر بەوریایی و بەرپرسیارێتییەوە مامەڵە بكەن.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group