نەوا-
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ سەبارەت بە لێدوانی مامۆستایەكی ئایینی پەیامێكی بڵاوكردەوەو رایگەیاندوە، مامۆستایەكی ئایینی لە شاری هەولێر لەكەناڵێكی میدیایی لێدوانێكی بڵاوكردوەتەوەو بێڕێزییەكی زۆر بە ئافرەتان و رۆڵ و پێگەی ئافرەت دەكات، لەماڵەوە وەك خزمەتكارێك وێنایكردوە كە ئەركەكەی تەنها لەماڵەوەیە.
لەبەشێكی پەیامەكەیدا دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ راشیگەیاندوە، وتەی ئەو مامۆستا ئایینییە بە تەواوی دژی بنەمای ئایینەكانە، پێچەوانەی بنەماكانی مافی مرۆڤ و شكۆی ژنانە، بۆ ئەو مەبەستەش دەستەكەیان لەڕێگەی داواكاری گشتییەوە ئەو كەیسە دەجوڵێنێت و ناوبراو روبەڕوی یاسا دەكاتەوە لەبەرئەوەی وتەكانی دژی دەستوری عیراقە.
دەستەی سەربەخۆی مافی مرۆڤ هیواشیخواستوە، وەزارەتی ئەوقاف و یەكێتیی زانایان رێكاری پێویست بگرنە بەر بەرامبەر ئەو كەسانەی پێشێلكاری بەرامبەر خەڵك دەكەن لە ژێر ناوی ئایین و مینبەرەكانەوە.