بۆردی داكۆكی لە ئازادی و مافی رۆژنامەنوسان بڵاویكردوەتەوە، لەسەروبەندی ئەو روداوانەی لە رۆژئاوای كوردستان رویانداو رۆڵی نێگەتیڤی هەندێك لایەن لەدژی دۆزی كورد لەسوریاو ئەو ناهەقی و زوڵم و ستەم لێكردنەی رودەدات، ئەو هەڵوێستە جوان و یەكانگیرەی كە میدیاكارانی باشوری كوردستان نواندیان لەگەڵ یەك وتاری سەرجەم میدیاكان بە (بینراو ـ بیستراو ـ خوێنراو ـ ئەلكترۆنی) جێگای سوپاس و رێزو پێزانینیانە، هیوادارن ئەم یەك وتاری و یەك هەڵوێستی و یەك بۆچونە لە سەرجەم كایەو روداو و كارەساتەكانی تریشدا ببینین.
بۆردی داكۆكی لە ئازادی و مافی رۆژنامەنوسان راشیگەیاندوە، نیگەرانی خۆشیان ناشارنەوە سەبارەت بە دەرەنجامەكانی پرۆسە سەربازییەكان و كاریگەرییەكانی لەسەر میدیاكاران چ لە كەناڵەكانی باشوری كوردستان كە لە رۆژئاوا كار دەكەن یان ئەو كەناڵانەی كاری میدیایی دەكەن لە ناوچەكانی رۆژئاوای فورات كە هێشتا ئامارو داتایەكی وردیان بەدەست نەگەشتوە لەسەر زەرەرو زیانی نوسینگەو كەناڵەكان و میدیاكاران و شمەك و كەلوپەلەكانیان، داواشیان لە سەرجەم رێكخراوە میدیاییەكانی جیهان كردوە بە وردی چاودێری رەوشی میدیاو پێشێلكاریەكان بكەن چونكە لایەنی هێرشبەر خاوەنی ئایدیایەكی میدیایی ئاشكرا نیەو نازانرێت تائێستاش چۆن لە میدیاو ژینگەی میدیایی و ئازادی بیروڕاو دیموكراسی دەڕوانێت.