نەوا-
دەسەڵاتی دادوەریی عێراق رایگەیاند، لێكۆڵینەوە لەگەڵ ئەو تیرۆریستانەی داعش دەستپێكردووە كە ماوەیەك لەمەبەر لە سووریاوە گەڕێنراونەتەوە وڵاتەكە.
دادگای لێكۆڵینەوەی كەرخی یەكەم لە راگەیەنراوێكدا رایگەیاند، دەستی بە رێكارەكانی لێكۆڵینەوە لەگەڵ 1,387 تیرۆریستی داعش كردووە، كە ماوەیەك لەمەوبەر لە ناو خاكی سووریاوە گەڕێندراونەتەوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، بە سەرپەرشتی راستەوخۆی سەرۆكی ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، لێكۆڵینەوەكان لەلایەن ژمارەیەك دادوەرانی پسپۆڕ لە بواری بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر دەستیانپێكردووە، كە تێیدا رێوشوێنە یاساییەكان جێبەجێ دەكرێن، مامەڵەكردن لەگەڵ دەستبەسەركراواندا لە چوارچێوەی یاسایی و مرۆیی پەسەندكراو دەبێت، كە ئەمەش بەپێی یاسا نیشتمانییەكان و ستانداردە نێودەوڵەتییەكانە.
جەختیش لەوە كراوەتەوە، ئەم رێكارانە لە چوارچێوەی هەوڵەكانی عێراق دێن بۆ تەواوكردنی لێكۆڵینەوەكان و لێپرسینەوە لەو كەسانەی كە تێوەگلاون لە تاوانەكانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش، بەپێی یاسا كارپێكراوەكان، كە هاوكات لەگەڵ هەماهەنگییەكی نێودەوڵەتییە كە ئامانجی چارەسەركردنی دۆسیەی چەكدارانی رێكخراوی تیرۆریستی داعش و ئەو تاوانانەیە كە دەگەنە ئاستی تاوانی جینۆساید و تاوان دژ بە مرۆڤایەتی.