بەرپرسێكی حكومەت: مانگی داهاتوو هاوڵاتیان تەنها پسوڵەی 14 ڕۆژیان بۆ دەچێتەوە

3 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
عەزیز ئەحمەد جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەتی هەرێمی كوردستان سەبارەت بە سیستەمی كارەبای 24 كاتژمێری ڕایگەیاند، پسوڵەی ئەم مانگەی هاوڵاتییان كرێی 46 ڕۆژی ڕابردوی تێدایە، ئەوەش بەهۆی فراوانبونی سیستەمەكەوەو  چاپكردنی پسوڵەكاندا بوە، ئەو زیادەیەی رۆژەكان (16 رۆژەكە) نابێتە هۆی ئەوەی هاونیشتمانییان بچنە نێو تاریفەی گرانتر.
باسی لەوەشكرد، 400 كیلۆواتی یەكەم بۆ 30 رۆژ هەژمار دەكرێت و رۆژە زیادەكانیش بە هەمان نرخی هەرزان هەژمار دەكرێن، هەر بۆیە مانگی داهاتو تەنها پسوڵەی 14 ڕۆژیان بۆ دەچێتەوە.
جێگری بەڕێوەبەری نوسینگەی سەرۆكی حكومەت رونیشیكردەوە، بە هیچ شێوەیەك دەستكاریی نرخی كارەبا نەكراوە، وەزارەتی كارەبا دەسەڵاتی گۆڕینی نرخی نییە و ئەوە بە بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران دەبێت، بەڵام بۆ مانگی ڕابردو زۆرینەی هاوڵاتییان بە ڕێژەی 50% زیاتر كارەبایان بەكارهێناوە، ئەوەش بەهۆی دوو هۆكارەوە، وەرزی زستانەوە خواست لەسەر كارەبا زیادیكردوە، هاوكات  ماوەی خوێندنەوەی پێوەریش كە ئەم مانگە بەهۆی فراوانبونی سیستەمەكەوە.
بە وتەی ئەو بەرپرسەی حكومەت، پسوڵەكان بۆ ماوەی 46 رۆژ هاتونەتەوە نەك 30 رۆژ، "حكومەتی هەرێم لە بابەتی داشكاندن بۆ هاوڵاتییان كەمتەرخەم نەبوە و داشكاندنی لە 20%ی داشكان بۆ پسوڵەی داهاتو دەكرێت بۆ ئەو هاوبەشانەی لە رێگەی سیستەمی دیجیتاڵییەوە لە 30 ڕۆژی داهاتوو پارەی كارەبا دەدەن".
جەختیشیكردەوە، هەر هاوڵاتییەك لە رێگەی (ئی-پسوڵە)ـەوە كرێی كارەبا بدات داشكاندنەكە دەیگرێتەوە،  بۆ قەرزەكانی پێش پرۆژەی ڕوناكیش جارێ بڕیار نەدراوە كە بەتەئكید رەچاوی بارودۆخی هاوڵاتیان و موچەخۆران دەكرێت و بەشێوەیەكی درێژخایەن ئەو قەرزانە وەردەگیرێتەوە.

شەپۆلەکانی نەوا

Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group