وەزارەتی خوێندنی باڵا بە رێژەی 20%ـی دیكە داشكاندنی لە كرێی خوێندن كرد

2 کاتژمێر پێش ئێستا
نەوا-
وەزارەتی خوێندنی باڵا و توێژینەوەی زانستی، بڕیارێكی نوێی لە بەرژەوەندی خوێندكاران و قوتابییان دەركرد و رایگەیاند، بە رێژەی 20%ـی دیكە داشكاندن لە كرێی خوێندن دەكرێت، ئەمەش سەرەڕای ئەو داشكاندنە 45%ـی پێشتر بڕیاری لەسەر درابوو.
بەگوێرەی راگەیەندراوێكی وەزارەتی خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی، ئەم بڕیارە دوای كۆبوونەوەیەكی نائاسایی ئەنجوومەنی وەزارەت لە رۆژی پێنجشەممە 26ـی ئادار هات كە تێیدا دۆخی دارایی هاوڵاتییان و خانەوادەی خوێندكاران و ئەو بارودۆخە ناسەقامگیرەی ناوچەكەی گرتووەتەوە، لەبەرچاو گیراوە.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە كۆبونەوەكە بڕیاردرا بە داشكاندنی 20% لە كرێی خوێندن، ئەمە دەخرێتە سەر داشكاندنی پێشووی وەزارەت كە رێژەكەی 45% بوو،هەروەها، پێویستە خوێندكار یان قوتابی تاوەكو رێكەوتی 3ـی ئایاری 2026 تەواوی قیستەكانی خوێندنەكەی بدات بۆ ئەوەی لەم بڕیارە سوودمەند بێت.
خوێندنی باڵا رونیشیكردۆتەوە، بڕیارەكە سەرجەم ئاستەكانی خوێندنی بەرایی (بەیانیان و ئێواران) و خوێندنی باڵا (دیبلۆمی باڵا، ماستەر، دكتۆرا) بۆ ساڵی خوێندنی (2025 -2026 ) لە زانكۆ حكوومییەكان دەگرێتەوە.
وەزارەتی خوێندنی باڵا جەختی كردووەتەوە، ئەم هەنگاوە لەپێناو بەرژەوەندی گشتی و كەمكردنەوەی باری دارایی سەر شانی خێزانەكان نراوە، تاوەكو خوێندكاران بتوانن بەبێ گرفتە دارایییەكان بەردەوامی بە پرۆسەی خوێندن بدەن.

شەپۆلەکانی نەوا

  • زۆرترین خوێندراو
  • دواترین هەواڵ
Copyright © 2017 - Radio Nawa. Designed and Developed by Avesta Group