نەوا-
نەوزاد شێخ كامیل بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی هەرێم لە لێدوانێكدا رایگەیاندوە، دوای ئەوەی بۆ ماوەیەك بەهۆی گۆڕینی سیستمەوە راگیرابو، ئێستا لە قۆناغی یەكەمدا لە هەردو پارێزگای دهۆك و هەڵەبجە تۆماركردنی ئەو منداڵانەی لەدایكبون لەفۆڕمی ئەلكترۆنی دەستیپێكردوەو لەماوەیەكی نزیكیشدا پارێزگاكانی هەولێرو سلێمانیش دەست بەو پڕۆسەیە دەكەن.
بەڕێوەبەری گشتی بازرگانی ئاماژەی بەوەشكردوە، بە ئەلكترۆنیكردنی فۆڕمی خۆراك چەند قۆناغێكە، لە قۆناغی دوەمدا هاوڵاتیان دەتوانن مامەڵەی گواستنەوەی بەشەخۆراك بۆ ئەو شوێنانەی دەیانەوێت ئەنجام بدەن، بەڵام ئەوەیان دەكەوێتە دوای تەواوبونی قۆناغی تۆماركردنی منداڵان.
نەوزاد شێخ كامیل دڵنیاییشیداوە كە دابەشكردنی بەشەخۆراك بەردەوامەو هیچ گرفتێكی نییە، هەمو مادە پێویستەكانیش لە كۆگاكان ئامادەن و مانگانە لەكاتی خۆیاندا لەڕێگەی بریكارەكانەوە دابەشدەكرێن.