نەوا-
دەزگای گشتی كاروباری مین رایگەیاند، لە چوارچێوەی كار و چالاكییەكانی بەڕێوەبەرایەتییان تیمەكانی بەشی هۆشیاری و پاڵپشتی قوربانیانی مین بەمەبەستی خۆپاراستن لە مەترسییەكانی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگیی، بەتایبەتی لەئێستادا كە بۆ مەبەستی كۆكردنەوەی گژوگیای بەهارە هاوڵاتیان رو لە دەرودەشتەكان دەكەن، هەستان بە پێشكەشكردنی بەرنامەی هۆشیاریی بۆ قوتابیان و دانیشتوانی گوندی كانی ماسیان لە شارۆچكەی پێنجوێن بەشێوازی گەڕانی ماڵ بە ماڵ.
ئەوەش خراوەتەڕو، لە ئێستادا بەهۆی باران و لافاوەوە مەترسی راماڵینی مین و تەقەمەنی و پاشماوەی جەنگی و دەركەوتنیان لە نزیك كێڵگەمینەكان لە ئارادایە، بۆیە لە هەر شوێنێك مین و تەقەمەنیتان بەرچاوكەوت دەستكاری مەكەن و لێی دور بكەونەوە هەروەها پەیوەندی بە هێڵی گەرمی دەزگای گشتی كاروباری مینەوە بكەن.