نەوا-
وەزارەتی پێشمەرگە بڵاویكردەوە، دەنگۆی راگرتنی هاوكارییەكانی ئەمریكا بۆ پێشمەرگە بێ بنەمایەو پرۆسەی پاڵپشتییەكان بەپێی ئەو لێكتێگەیشتنە هاوبەشەی لە نێوان وەزارەتی جەنگی ئەمریكاو وەزارەتی پێشمەرگە هەیە بەردەوامە كە لەپێناو سەرخستنی پرۆسەی چاكسازی و یەكخستنەوەی هێزەكانی پێشمەرگە واژۆ كراوە.
لە راگەیەنراوێكدا وەزارەتی پێشمەرگە ئاماژەی بەوەشكردوە، تەنها هاوكارییەكانی شەڕی دژی تیرۆریستانی داعش وەستاون ئەویش بەهۆی سنوداربون و كەمبونەوەی چالاكییەكانی تیرۆریستانی داعشە، هەروەها هاوكارییە دارایی و لۆجیستییەكانی ئەمریكا كە بەپێی خشتەیەكی كاتی دیاریكراو رێكخراون، دوا كاتی كۆتاییهاتنی ئەم لێكتێگەیشتنە مانگی 9ی ساڵی 2026ـە، چاوەڕوانیش دەكرێت لەماوەی ئاییندەدا گفتوگۆكردن بۆ واژۆكردنی لێكتێگەیشتنێكی نوێ لە نێوان هەردوولا بێتە ئاراوە.